كارەبای نیشتمانی پارێزگایەكی هەرێم دەبێتە پریپەید و 24 كاتژمێری



جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پلانیان هەیە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگاکە بکەنە سیستەمی “پریپەید”.

حازم محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە 11 هەزار هاوبەشی کارەبای نیشتمانیی لە سنووری ئەو پارێزگایە، کە سیستەمی پارەدانی پێشوەختە (پریپەید) بەکاردەهێنن؛ 24 کاتژمێر کارەبای نیشتمانییان هەیە.

پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک، وەزارەتی کارەبا، لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەیدی کارەبایە، کە لە بواری ئابوورییەوە بۆ هاووڵاتییان و حکومەتیش سوودێکی زۆری دەبێت، بەتایبەت، كە حكومەت پێشوەختە پارەی كارەبا وەردەگرێت و هاووڵاتیانیش لە پێدانی دوو پارەی كارەبای نیشتمانی مۆلیدە ڕزگاریان دەبێت و كۆتایی بە كارەبای مۆلیدە دێت.

ماوەی دوو ساڵە سیستەمی پریپەید بە شێوەی ئەزموونی لە نێو بازاڕ و هەردوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئەڤرۆ ستی و گوندی فەرەنسی، لە شاری دهۆک و سەنتەرێ قەزای ئامێدی جێبەجێ دەکرێت. هەربۆیە حازم محەمەد باسی لەوەكرد، “لە پلانیاندایە لە داهاتوودا کارەبای هەموو هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای دهۆک بکەنە سیستەمی پریپەید و بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕێی ڕێنوێنییەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبان”.

لە سیستەمی پریپەید، هاوبەشی کارەبا لە سەرەتادا کارتی یەکەی کارەبا دەکڕێت و بەهۆیەوە بە پێی پێداویستیی خۆی کارەبا بەکار دێنیت، کە ئەم شێوازە سێ سوودی گرنگی هەیە. یەکەم تێچوونی کرێی کارەبا لەسەر هاووڵاتی کەم دەکاتەوە و دووەم بارگرانیی سەر تۆڕەکانی کارەبا ناهێڵێت و سێیەم کێشەی کۆکردنەوەی داهات یان کرێی کارەبا چارە دەکات.

بە وتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک، “نرخی هەر کیلۆواتێکی کارەبا بۆ ماڵان و یەکەکانی نیشتەجێبوون 18 دینار و بۆ ڤێلا و شوێنە بازرگانییەکانیش 150 دیناری عێراقییە”.

سیستەمی پریپەید، لە ڕێگەی پێوەری زیرەکی کارەباوە جێبەجێ دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بۆ کۆی نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەستراون و چالاک کراون.

 

مامۆستایان و فەرمانبەران هۆشداری بایكۆت دەدەن
پێت مامۆستایان و فەرمانبەران هۆشداری بایكۆت دەدەن
تورکیا 8 جار ناوچەكانی باڵەكایەتی و شارباژێڕی بۆردومان کرد
دوات تورکیا 8 جار ناوچەكانی باڵەكایەتی و شارباژێڕی بۆردومان کرد
پەیوەندیدار