دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڵگە ڤیدیۆیی دانپێدانانی تیرۆریستیكی داعش بڵاودەكاتەوە، كە زیاتر لە 25 كەسی لەئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی كردۆتە ئامانج.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ٢٠٢٤/٧/١٤ ڕووبەڕوبوونەوەیەكی چەكداری لەنێوان ژمارەیەك تیرۆریستی داعش لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش لەناحیەی قەرەهەنجیری پارێزگای كەركوك ڕوویدا، لەڕووبەڕووبوونەوەكەدا (جوامێر عەزیز ڕەشید) كارمەندی ئاسایش شەهیدبوو و كارمەندێكیش برینداربوو.
ڕاشیگەیاندووە، تیرۆریستێكی داعش كوژراو و تیرۆریست (حیدر كریم) بەبرینداری دەستگیركرا و دەستبەجێ لەتۆڵەی شەهید (جوامێر عەزیز) بەفڕۆكەی جەنگی (F-16)مۆڵگەكانی تیرۆریستان لەچیای زەمبوور خاپووركران، ئۆپراسیۆنەكە بەهامەهەنگی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەكانی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و (خلیه مكافحه الارهاب) و بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك ئەنجامدرا.
ئاشكراشی كردووە، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستی دەستگیركراو دانی بەچەندین تاواندا ناوە، سەرجەم بەڵگە ڤیدیۆ و زانیاری لەسەر كردە تیرۆریستیەكانیان دەخەینە ڕوو، كە زیاتر لە(٢٥) لە ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و كوردستانیان كردوەتە ئامانج، جێگەی مەترسی بوون بۆ هاوڵاتیانی سنووری شاری كەركوك و دەوروبەری.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، هەر لەئەنجامی دانپێدانان و لێكۆڵینەوەكان هێزەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسێونەكانی ئاسایش، توانیان لەكەركوك تیرۆریست (علی عبدالله)دەستگیربكەن و دواتر لەناوچەی ڕەشاد تیرۆریست(مخلف زگاع ئەلگاقوڵی)دەستگیربكەن، هاوكات لە ئۆپراسێونێكی تردا لەناحیەی قەرەهەنجیر و گوندی چیمەن تیرۆریستان (زیدان خلف الیاس و نزهان زیدان خلف) دەستگیركران.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە و لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە پارێزگای هەڵەبجە تیرۆریست (علاو شجاعی) لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسێونەكان دەستگیرا و سەرجەم تیرۆریستان ڕووبەڕووی یاسا كرانەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا هەر (٦) تیرۆریست بەماددەی (٢)ی تیرۆر دەستگیركراون و لێكۆڵینەوە لەدۆسیەكانیان بەردەوامە.