قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لە شاری سلێمانی ناوەندی فاوەندەیشن هابی كردەوە، كە ناوەندێكە بۆ راهێنان و پشتگیریكردنی گەنجانی داهێنەر و كارساز تا بتوانن بیرۆكە و پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێ بخەن.
لە رێوڕەسمی كردنەوەی ناوەندی فاوندەیشن هاب لە كارگەی كلتوری سلێمانی كە ئێوارەی رۆژی دوو شەممە ( ١٩ی ئابی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە كونسوڵی گشتی وڵاتان لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، كە ئەم ناوەندە لە دەرەنجامی گفتوگۆیەكی درێژخایەن لەگەڵ كارسازان و خاوەنكارانی كوردستان بونیاد نراوە و ئامانجەكەشی پشتگیریكردنی گەنجانی كارساز و داهێنەرە.
باسی لەوەشكرد، كە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان چەندین بڕیاری باش دران لەوانە كەمكردنەوەی ڕۆتین و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، بەڵام هێشتا هەندێك بەربەست مابوون كە دامەزراندنی ئەم ناوەندە هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی بەربەستەكان و هاوكار و یارمەتیدەری گەنجانی كارساز دەبێت پڕۆژەكانی خۆیان سەرپێ بخەن.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: “ئەم ناوەندە وەك چەترێك دەبێت بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی داهێنەر و كارساز و لەڕووی یاسایی و پسپۆڕییەوە راوێژیان پێ دەدات بۆ ئەوەی بەسەر كێشە و بەربەستەكاندا زاڵبن”.