پارێزگاری سلێمانی جەختدەكاتەوە، كە هیچ پاڵێوگەیەكی نایاسایی لە سنووری سلێمانی نییە و دەشڵێت: كۆمپانیایەك دانراوە بۆ جێبەجێ كردنی مەرجە ژینگەییەكان بەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان و ساحەكان و لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە چارەسەری ئەو پرسە كراوە، ئەگەرچارەسەر نەكرایە ئەوا لیترێك بەنزین دەبووە 5 هەزار دینار.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی لەكاتی كردنەوەی پڕۆەی (فاوندەیشن هەب) ڕایگەیاند، هیچ پاڵێوگەیەكی نایاسایی لە سنووری سلێمانی نییە و بەپێچەوانەوە پاڵێوگەیەكمان هەیە، كە بەنزینی سەوز بەرهەم دەهێنێت بە ئۆكتانی بەرز، كە لە ناوچەكەی ئێمەدا تەنها لە دوبەی هەیە.
ڕاشیگەیاند، ئەو دیاریدەیەی لە شارەكانی دیكەدا هەیە یان ئەو مۆلیدانەی دووكەڵی زۆر دەردەكەن و كاتم نیین، دەیان ساڵە ئەم دیاردەیە لە سلێمانی نەماوە و ئەو ساحانەی هەن لەژێر كۆنتڕۆڵی بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانیدان و بەپێی مەرجە ژینگەییەكان كاردەكەن.
ئاشكراشی كرد، كۆمپانیایەك ڕاسپێردراوە بۆ پاڵێوگەكان و ساحەكان، كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمەوە بڕیاری بۆ دراوە و مەرجە ژینگەییەكانیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و بەپێچەوانەوە ڕێگەی كاركردنیان پێ نادرێت.
وتیشی، “ئەم بابەتە لەسەر پێشنیاری ئێمە چارەسەر كراوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، خۆئەگەر چارەسەر نەكرایە، ئەوا لیترێك بەنزین دەبوو بە نرخی بۆرسە، كە دەبوو لیترێك بەنزین بە 5 هەزار دینار بكڕیت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گرانی مەرج نییە، بەڵكو دەبێت كوالێتی و تەندروستی گشتی پێش هەموو شتێك بێت”.