مامۆستایان سەرمەشقن…



عەبدولواحید محەمەد –  مامۆستا

بەر لەوەی بچمە سەر ڕوونکردنەوەی گرنگی ئەو دەستەواژەیە، بە پێویستی دەزانم بۆچوونی هەندێک لە گەورە سەرکردەکان هەروەها گەلانی جیهان بخەمەڕوو، لە بارەی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردەوە، وینستۆن چەرچەڵ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە سەروبەندی دووەمین شەڕی جیهانی لەو کاتەی لەندەن بۆمباران دەکرا، لە هەواڵی پەروەردە و دادگاکانی پرسی، هاوەڵەکانی وەڵامیان دایەوە وتیان بەردەوامن، وتی کەوایە سەرکەوتوو دەبین و داهاتووی گەلەکەشمان بە خێر و مسۆگەر دەبێت.

یابانییەکان وتەیەکی زۆ دانسقەیان هەیە و دەڵێن، ئەگەر مامۆستایەک لە پێشت دەڕۆیشت، دەبێت حەوت پێ لە دواوەی بڕۆیت، تاوەکو پێ لە سێبەرەکەی نەنێیت، لی کوان، بنیاتنەری سەنگافۆرە کە ئێستا لەبەر پێشکەوتوویی و بێ ئەمانی، بە وڵاتی پڵنگەکان ناوزەد دەکرێت، لێیان پرسی چۆن وا پێشکەوتن، چ داهێنانەکتان کردوە، لە وەڵامدا وتی ئێمە کارێکی ئەوتۆمان نەکردووە تەنها ژیانی مامۆستایانمان خۆشکرد و ڕێزی زۆرمان لێنان و ئەوان داهێنانیان کرد.

لە ئەڵمانیا کۆمەڵێک خاوەن پسپۆڕی جیاجیا سەردانی ڕاوێژکاری ئەو وڵاتەیان کرد و داوایان لێکرد، مووچە و جیاوکەکانیان هاوشێوەی مامۆستایان بکرێت، ئەنجیلا مێرکەلی ڕاوێژکار پێی وتن بۆتان هەیە داوای تایبەتی خۆتان بکەن، بەڵام نابێت وەکو مامۆستایان بن، چونکە ئەوان ئێوەیان پێگەیاندووە، دەبێت ئەوان هەردەم جیاواز بن لە ئێوە و ئەوانیتر.

دەیان وتە و وتەزای بە پێز و پڕبایەخی ناوداران هەیە، لەبارەی مامۆستایان و ڕۆڵیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و مسۆگەرکردنی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤایەتی، واتا یابانییەکان لە ماوەیەکی پێوانەییدا خەریکە بگەنە ترۆپکی پێشکەوتن و داهێنان، ڕۆژ تێناپەڕێت موعجیزەیەکیتری زانستی و تەکنیکی بە جیهان و مرۆڤایەتی نەبەخشن.

سەیری سەنگافۆرە دەکەیت لە ماوەی نزیکەی شەست ساڵدا ئەو پارچە زەویە لیخن و زەلکەوە، چ جۆرە پێشکەوتنێکی سەرسووڕهێنەریان لە هەموو بوارێکدا ئەنجامداوە، وەکو نمونە بۆ ئەو ڕاستییە داهاتی تاک لە تەنها چەند دۆلارێکەوە بۆتە زیاتر لە ٧٠ هەزار دۆڵار، ئەڵمانیاش لە وڵاتێکی دادەتەپیو و گەلێکی تێکشکاوی دوای شەڕ بۆتە دڵی زیندووی ئەوروپا، هەروەها بەریتانیا تا ئەم ساتەش هەرچی بڕیارە سیاسیە ڕۆژئاواییەکان هەیە، هەمووی لە ئاشپەزی پشتەوەی ئەو وڵاتە فۆرمەڵە دەکرێت، ئینحا ئەوانیتر جێبەبەجێی دەکەن، دیارە نمونەیتر زۆرە نەک هەر لەو وڵاتانە بگرە لە وڵاتە تازە پێشکەوتووەکانیش بەوشێوەیە، دیارە هەمووی هۆکار و پاڵنەری هەرە سەرەکی مامۆستایان و پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن بووە و دەبێت.

ئەمانەم هەموو بۆ ئەوەیە بەو دەسەڵاتدارانەی هەرێم بڵێم، ئێوە زۆر دوورن لەو ڕاستییە، بە ئاگا وەرنەوە و چیتر کات بە فیڕۆ مەدەن، ئەگەر دەتانەوێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات بنێن، ئەوانەی لە پێشدا بە نمونە هێنامانەوە وا بکەن، چونکە هیچ ڕێگەیەکیترتان لەبەردەمدانییە، پارەوپولی دنیاتان هەبێت، چەک و جبەخانەی زۆرتان لەبەردەستدابێت، هەموو ئەم وڵاتە بکەنە مۆڵگە و سەربازگە، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیانە و سیستەماتیک بەکارنەیەت، ئامانجە بوونیادییەکان بەدەست نایەت، ئەوەش تەنها بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەکرێت.

بەو پڕۆسەیە هەموو دامەزراوەکان بە دەزگاوەکی دەکرێن، برینی دواکەوتوویی سارێژ دەبن، هەرچی نەریتی کۆن و نەگونجاو لەگەڵ ئەم سەردەمە هەیە نوێی دەکاتەوە، ئەو پڕۆسەیەش بێگومان بە مامۆستا دەکرێت، کەوایە مامۆستا سەرمەشقە و ڕێبەرە و لە هەمووان لە پێشترە، لە دەرەوەی ئەو کارکتەرە مەزن و بێ هاوشێوەیە، جێگرەوەی نییە، بۆیە دەبێت هەموو شتێک بۆ مامۆستا فەراهەم بکرێت، نابێت چیتر بهێڵن بێ نازبن، قەرزی ئەم سەر و ئەوسەرتان کردبێت دەبێت ژیانێکی شایستەیان بۆ بڕەخسێنن، لەپاڵ زانست و مەعریفەتیشدا زمینەی قوڵ و فراوانیان بۆ هەڵبخەن، لە ڕێزگرتنیشدا دەبێت پێگە و جێگەیان دیار و بەرچاو بێت.

ئەوەی جێگەی هەڵوێستە کردنە هەتا ئەم ساتە هیچی لەوانە وتمان پێویستە ئەوەی جیهانی پێشکەوتوو کردوویانە، نەکراوە، لە بری ڕێزگرتن زۆر کات بە موناسەبە و بێ موناسەبە سوکایەتیان پێکراوە، هەمیشەش لە جیاتی ژیانێکی شایستە برسیکراون، بۆیە پەنایان بۆ ئیش و کاسبی بردووە، هەرچەندە ئیشکردن شەرەفێکی گەورەیە، بەڵام لەگەڵ شانوشکۆی مامۆستا نایێتەوە، سەرباری ئەوانە هەرگیز حساب بۆ ئەوە نەکراوە کە مامۆستا، مامۆستای هەمووانە نەک کۆلکە خوێندەوارەکان، ئەوەیە وامان لێدەکات ئەو باوەڕەمان لا دروست بێت ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەگوزەرێت جێگەی ئومێد نییە، کە ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە گرێی نەهامەتییەکانی بۆ بکرێتەوە و بگاتە ئەوەی مەبەستە.

مخابن پێ ناچێت وا زوو بەرپرسەکان بگەنە ئەو ڕاستییە، کە مامۆستا و پڕۆسەی پەروەردە چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان دەکەن، بۆ ئەوە دەبینین مەهاتیر محەمەد بونیاتنەری شانشینی مالیزیا دەڵێت، کێشە لە ناوخۆ و وڵاتان هەر دەبێت، هەمووشی بە پەروەردە و خوێندنەوە چارەسەر دەبێت.

ئۆڤادان دێبی، ئەو زیندانەی تیایدا دەبیتە خۆڵەمێش
پێت ئۆڤادان دێبی، ئەو زیندانەی تیایدا دەبیتە خۆڵەمێش
وەزیری ڕۆشنبیری: بێگومانبن کوشتنی کۆڵبەرەکە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت
دوات وەزیری ڕۆشنبیری: بێگومانبن کوشتنی کۆڵبەرەکە بە بێ سزای یاسایی تێناپەرێت
پەیوەندیدار