“كێشەی مووچەی فەرمانبەران، نەبوونی تەوتینە”



سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ خەرج كردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەوتین كردنی مووچەكانیان، هێشتا حكومەتی عێراقی پابەندی ناردنی مووچەی مانگانە نەبووە و هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵیش لەسەر پرسی تەوتین ڕێكنەكەوتوون و پسپۆڕێكی دارایی و بانك دەڵێت: بەشێکی زۆری کێشەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ تەواونەکردنی پرۆسەی تەوتین.

بەپێی وتەی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە، كە ناچێتە ژیرباری هیچ كارێكی نایاسایی، چونكە هەرێم تا ئێستا پابەند نەبووە بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران و ئەوەش پێشێلكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە، سەرەڕای ئەوەش ئەو لیستانەی مانگانە لەلایەن هەرێمەوە ڕەوانە دەكرێت هەر مانگەی بەجۆرێكە بەتایبەت لەڕووی زیادكردنی ژمارەی میلاكی فەرمانبەران.

بەدر لاید، پسپۆڕی دارایی و بانکی عێراقی ڕایگەیاندووە،”پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەگەر هەولێر و بەغدا لەسەری ڕێکبکەون لەماوەی کەمتر لە سێ مانگدا تەواو دەبێت”.

ئاماژەی بەوەداوە، “بەشێکی زۆری کێشەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ تەواونەکردنی پرۆسەی تەوتین، چونکە تەوتین پشت دەبەستێت بە داتا و زانیارییە دروستەکانی فەرمانبەران ولەسەر ئەو بنەمایەش حکومەتی عێراق داتابەیسێکی ڕاستەقینەی لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت”.

وتیشی، “بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە پڕۆسەی تەوتینکردن دەبێتە بنەما بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2025 دا، چونكە پڕۆسەی تەوتین، ساختەکاری و ناوی دووبارە و دوو مووچە، کە ئێستا لە لیستی مووچەی هەرێمدایە بنەبڕ دەکات”.

جەختیشکردەوە، “هەبوونی هەژماری بانکی باوەڕپێکراو بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کەڵەکەبوونی پارەی کاش لەماڵەکاندا و پەرە بە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێم دەدات”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم پڕۆسەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاندووە، كە جۆرێكی بە بانكی كردنی مووچەی مووچەخۆرانە و جەختی كردۆتەوە، كە ئەو بانكانەی بەشدارن لە پڕۆسەكەدا لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان هەیە و باوەڕپێكراون.

500 کۆچبەر لە یەک ڕۆژدا گەیشتنە بەریتانیا
پێت 500 کۆچبەر لە یەک ڕۆژدا گەیشتنە بەریتانیا
پرۆژەی میترۆی بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
دوات پرۆژەی میترۆی بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پەیوەنیدر