پێشئەوەی خۆتان بۆ پەرلەمان کاندید بکەن.. باش بیربکەوە!



د. تارق جەوهەر سارمەمی

پسپۆری بواری پەیوەندییەگشتییەکان، شارەزا لە کاروباری پەرلەمان

 

بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، چەندین حیزب و هاوپەیمانێتی بەشداری تێدا دەکەن، یەکێک لەو کارەکتەرە سەرەکیانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەو کەسانەن کە بە لیستی حیزبی یان وەک سەربەخۆ خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان دەپاڵێون و پێیان دەڵێن: کاندید یان بەربژێر.

خۆکاندیدکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین لێهاتوویی و کارامەیی و توانای دارایی و پێگەی جەماوەری هەیە.

کاتێک خۆت کاندید دەکەی بۆ پۆستێکی گشتی دەچیتە ناو بانگەشەی میدیاییەوە،  دەنگدەران دەیانەوێت هەموو شتێک لەبارەی تۆوە بزانن. لەوانەیە پەیامنێران بایەخت پێبدەن و چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستاکانی قۆناغی ئامادەیی و کۆلێژەکەت، تەنانەت لەگەڵ  خێزان و کەسوکار و هاوڕیکانیشت بکەن، بەم کارەش ڕەنگە لاپەڕەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و قۆناغەکانی خوێندن و کار و پیشەکانی پێشووت ‌هەڵبدەنەوە.

لەو ساتەی بریار دەدەی خۆت کاندید بکەیت و بچیتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە، گرنگە ئەوە بزانی کە ژیانی خۆت لەکەسیکی ئاساییەوە گۆڕیوە بۆ کەسایەتییەکی گشتی، کە ڕەنگە خەڵک متمانەت پێ بکات و دەنگت پێبدات، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیاڕێتیەکەت زۆر زیاتر دەکات، چاوی میدیاکان و ڕۆژنامەنووسانیش لەسەر کار و هەڵسوکەوتەکانت زیاتر دەبێت، چونکە بەلای ئەوانەوە ئیتر تۆ کەسێکی گشتی و هەر شتێکی کە ئەنجامی دەدەیت بەمافی خۆیانی دەزانن قسەی لەسەر بکەن.

لەوانەیە نەیارانی سیاسیشت هەبێت، هەوڵ بدەن بە هەر شێواز و ئامرازێکی لەبەر دەستیان بێت، زیان بە کەسایەتی و ناوبانگ و بەرژەوەندییەکانت بگەیەنن. رەنگە هەر شتێک کە دەیڵێیت و دەیکەیت (یان لە ڕابردوودا گوتووتە و کردووتە) ببێتە هەواڵی گەرمی تەلەفزیۆنەکان و مانشیتی ڕۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێ گەرم بکرێت.

ئەگەر لە باگراوندی پێشووی خۆت دڵنیا نیت، شتێکت کردووە و شاردیتتەوە، باشتر وایە بە هیچ شێوەیەک نەچیتە ناو ململانێی سیاسیی و هەڵبژاردن، چونکە لەسایەی فراوانبوونی ڕۆڵی میدیا بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناتوانی لەوە دڵنیابیت کە هیچ شتێک بە نهێنی دمێنێتەوە و ئاشکرا نابێت! پێشبینی بکە هەڵوێست یا ئابڕووچوونێکی لەمێژینەی ڕابردووت هەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی بە زۆر پاشەکشەت پێ بکەن لە هەڵبژارندنەکەدا. ( چەند کاندیدێکی ژن و پیاو لە  هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و عیراق لەکاتی بانگەشەدا ئەم حاڵەتەیان بەسەر هات)

 

چۆن خۆت ئامادەکەیت

ئەگەر تووشی دۆخێکی سەخت بووی، هەر زوو ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە هەوڵبدە تا دەتوانیت دۆخە مەترسیدارەکە هێور بکەیتەوە، ژیانی تایبەتی خۆت زۆر بە تایبەتی بهێڵەوە، بەڵام ئامادەبە ئەو تایبەتمەندییە لەدەست بدەیت، وەک کاندیدێک، لە کاتی ڕاگەیاندنی کاندیدبوونی خۆتەوە تا دوای ئاهەنگی شەوی هەڵبژاردنەکان، ڕووبەڕووی چەندین ئەرکی جۆراوجۆرو قسەی باش و خراپی خەڵک و میدیاکان دەبیتەوە.

 

لەوانەیە خۆت لە هەندێک بارودۆخی زۆر سەخت و سەرنجڕاکێشدا ببینیتەوە، وەک بەرنامەی کەناڵەکان و کۆڕە جەماوەریەکان و بەشداری لە ڕووبەڕووبونەوە و دیبەتی تەلەفزیۆنیدا بکەی لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکانتدا، بۆیە کە بڕیارتدا خۆت کاندید بکەی، پێویستیت بە خۆئامادەکردن و گەشەپیدانی تواناکانی خۆت هەیە بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکان و گەڕان بەناو جەماوەردا.

 

لەوانەیە لەکاتی کەمپینەکەدا ناچار بیت ڕۆژانە چوار جار هەمان وتار بدەیت، هەر جارێک بۆ جەماورێکی جیاوازتر، دەبێ بزانیت چۆن سەرنج و تێبینیەکانت لەگەڵ بەرژەوەندیی هەر گروپێکدا دەگونجێنیت بەبێ ئەوەی هەڵوێست و تێڕوانینی پێشتری خۆت لەبارەی پرسە گرنگەکان بگۆڕیت.

 

لەوانەیە هەندێکجار دڵت زۆر خۆشبێت؛ رەنگە لە داهاتوودا هەندیک لە ئیش وکارەکانت بە باشی بەوێوەنەچن و دڵگرانت بکات، بەڵام نابی خەمۆکی و بێ هیوایی لە ڕوخسارت دەربکەوێت، لە کاتی هەڵمەتەکەدا، پێویستیت بە تیمیێکی تایبەت و کەسێکی پسپۆڕ و شارەزا لەبواری هەڵبژاردن و دارایی وسیاسەت و میدیا و کاری ڕێکخراوەیی و جەماوەریی تا پرس و راوێژیان پێ بکەیت، بەمجۆرە  لەلایەن کۆمەڵێک ڕاوێژکار، لایەنگر و پارەدار دەور دەدرێیت، لەوانەیە لە خۆت بپرسی ئایا بەڕاستی پێویستیت بەم هەموو کەسانە هەیە؟ بێگومان بەڵێ.

 

لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کاندیدی سیاسی دەبێت کاتێکی نائاسایی لە چالاکییەکانی بۆ گەڕان بەدوای کۆکردنەوەی پارەدا بەسەر ببات بۆ ئەوەی بتوانێت کەمپینێکی میدیایی بەهێز دەست پێبکات، ڕەنگە کات لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆدا زیاد بکات لەگەڵ کەمبوونەوەی دەرکەوتنی کەسی و ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەردا.

 

بەڕاستی دەسەڵاتی ڕاگەیاندن بەجۆرێکە، کە ڕەنگە ئێستا کاندیدێکی سەرکەوتوو کەمتر و کەمتر لەبەردەم خەڵکدا دەربکەوێ، دەستەواژەی “گۆڕینی میدیا” بەو مانایەیە کە ڕکابەرێکی نەناسراوە نادیار کە میدیا بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنێت، دەتوانێت بەقەد ئەو کەسەی ئێستا لە میدیاکان ناسراوە، کە هەوڵ دەدا شکستی یپێبێنێت.

 

هەریەک لە (جیمی کارتەر و مایکل دوکاکیس) کە هەرەیەکەیان حاکمی ویلایەتێک بوو، کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد، تاڕادەیەک خەڵک نەیدەناسین، زۆرێک لە دەنگدەران بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی هەواڵ و ڕاپۆرتی میدیاییەکان گوێیان لەناویان بوو، بە دڵنیاییەوە سەدەیەک زیاترە میدیاکان تا ئەمڕۆ وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی سیاسی ئەمریکا، رۆژ بە رۆژ ڕۆڵ و بەشدارییەکی کاریگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا دەبینن.

 

دەرکەوتنی باش لە میدیاکان کلیلی کردنەوەی دەرگای هەڵمەتێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردنە، بۆیە دەبێ هێڵە گشتییەکانی وتارەکەت یا بابەتەکەت لەبەر بکەیت و چەند جارێک لەبەر خۆت بیڵێیتەوە، ئەگەر کاندیدەکە بە  دەنگێکی باش و زمانێکی پاراو قسە بکات و پەیامێکی کاریگەر بۆ جەماوەر بنێرێ بێگومان دەبێتە سەرمایەکی گەورە بۆی.

 

لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، دەبێت بەباشی بیر لە هەڵوێستەکانت لەسەر پرسە سەرەکییەکان، پێشتر هێڵە گشتییەکانی وتارەکەت و لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانت بەوردی دیاری بکە و دایانبڕێژە و ئینجا بڵاویان بکەوە.

 

خۆکاندیدکردن بۆ هەلبژاردن پرۆسەیەک ئاسان و کاتی نییە بە شەو و ڕۆژێک بریاری لەسەر بدەی، بەڵکو بابەتێکی گرنگ و پرۆسەیەکی ستیراتیژیی درێژخایەنە، کە ڕەنگە کاریگەری بەسەر ئێستا وئایندەی ژیان و پێگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی خۆت و خانەوادەکەت هەبێت، بۆیە هەر کەسێک دەیەوێ  خۆی کاندید بکات  چوار ساڵ پێشتر بەرنامەی بۆ دابنێت  کاری بۆ بکات گەشە بە تواناکانی خۆی بدات.

 

پێش ئەوەی کاندیدبوونی خۆت ڕابگەیەنی، هەر گۆڕانکارییەکی جوانکاری کە پێتوایە پێویستە لە ڕووخسار و دەموچاوت و خووی قسەکردنت، یان زمانی جەستەتدا ئەنجامی بدەیت، کاتێک هەڵمەتی بانگەشە دەستی پێکرد، زەحمەتە بۆ ڕای گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ڕوون بکەیتەوە، کە بۆچی گۆڕانکاریت لە سەروسیما و ستایلی ئاخاوتن و ڕەنگی قژتدا کردووە! بۆچی ڕیشێکی نوێت داناوە، یان لە ناکاو کێشت دابەزاندوو! پێش ئەوەی بکەویتە بەرچاوان لە میدیاکاندا، باشتر وایە چەند ساڵێک زووتر توانای وتاردان وقسەکردنت بۆ میدیا و جەماوەر پەرە پێبدەی، ئەگەر پێویست بوو جوانکاری لە ڕووخسار و لوت و دەم و لێوتدا بکە.

 

لەم بارەوە (لیلیان بڕاون) شارەزای بواری راهێنان بە کاندیدانی هەڵبژاردن ومامەڵەکردن لەگەڵ میدیادا  یاسایەکی خۆی هەیەو دەڵێ: “هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕواڵەت یان لایەنەکانی تری کەسایەتی گشتی خۆتدا بکەی، پێویستە نزیکەی دوو ساڵ پێشتر بۆ کورسییەکی کۆنگرێس ئەنجام بدرێت، چوار بۆ شەش ساڵ پێشتر بۆ کورسییەکی ئەنجومەنی پیران یان پارێزگار ئەنجام بدرێت، هەڵمەتەکانی تر بەپێی ماوەی سەرۆکایەتیەکە دەگۆڕێت”.

 

پیاوێک هەبوو لە ئەمریکا دەیویست خۆی کاندید بکات بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە ماوەی یەک دوو ساڵدا پێشتر ئامۆژگاریان کردبوو، کە بیر لە چاککردنەوەی ددانەکانی بکاتەوە و سمێڵە تیژەکانی تاڕادەیەک بتاشێتەوە، ئەو ( ئێ-  ئم- هممممم ) انە نەهێڵێ، کە هەموو جار لە کاتی قسەکردن وتارەکانیدا بەکاریان دەهێنا، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکان بە باشی وەک کاندیدێک سەیری بکەن، خەڵک تەنها ئەم وەشە نوێیانەی ئەو دەزانن.

 

ئەگەر ڕات لەناوی خۆت نییە پێت وایە درێژە، گۆکردنی قورسە، یان پێدەچێت بزوێنی زیاتر و بزوێنی کەمتری هەبێت لە زۆربەی ناوەکانی تردا، هەوڵبدە هەر گۆڕانکارییەک لە ناوو نازناوەکەت دا دەیکەیت، پێویستە  پێش ئەوەی بچیتە ناو ململانێی هەڵمەتی هەڵبژاردن ناوت بگۆڕیت.

 

بە هەمان شێوە ئەگەر لای خەڵک بە نازناوێک ناسراوی، مەیگۆڕە با نازناوەکەت لەسەر پۆستەرو لیستی دەنگدانەکەدا بنووسرێت، چونکە بەوە دەناسرێیتەوە بەتایبەت بۆ ئە کەسانەی کە لەسەردەمی خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتیدا نازناویکیان بۆ خۆیان داناوە، لەناو خەڵک ناوبانگیان پێ دەرکردووە.

 

بەگشتی ساڵێک پێش ئەوەی خۆت کاندید بکەیت کاتێکی کەمە، داوا لە پەیامنێران و کانەڵەکان بکەیت کە ناوە نوێیەکەت بەکار بێنن، خەڵک دەتوانن بە هەر ناوێک بانگت بکەن کە پێش کاندید بوونەکەت پێی ناسرابووی، هەروەها گرنگە هەڵوێست و زمانی جەستەت لەگەڵ پێگەو شوێنی ئەو پۆستەدا بگونجێت کە خۆت بۆی کاندید دەکەی، با وا دابنێین کە خۆت کاندید دەکەیت بۆ پارێزگاری شارەکەت، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا نابێت بەدەوری پارێزگادا ڕابکەیت و هەندێک رەفتاری هەرزەکارانە و نا بەرپرسیارانەی دوور لە بەها کۆمەڵایەتییەکان بکەی، کە پێشتر کردووتە یان لەگەل ئەو پۆستە باڵایەدا ناگونجێت، بەڵکو دەبێت وەک پارێزگار مامەڵە بکەیت.

دۆخی جەستەییت، لێدوانەکانت، زمانی جەستەت، جل و بەرگەکانت، هەموویان بەشدارن لە نیشاندانی کەسایەتی تۆ، کە دەبیتە پارێزگارێکی باش، لە وتارەکانتدا وای دابنێ کە تۆ پارێزگاری داهاتووی شارەکەتی، لەکاتی قسەکردن لە کەمپینەکەتدا ئاماژە بەوەبکە کە وەک پارێزگار، پشتگیری دەکەم ” کاتێک بە پارێزگار هەڵدەبژێردرێم، گوێ لە ڕەخنەو پێشنیازەکانتان دەگرم و پێیان بڵێ:”دەتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجاکانتان، لەڕێی حکومڕانیەکی دروست  و خزمەتگوازار بۆ خەڵک..” وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، پێویستە ئەوەت لەبیربێت، هەموو شتێک کە لە میدیاکان و شوێنە گشتییەکاندا باسی دەکەی یا دەیڵێیت، دەچێتە ناو تۆمارێکەوە و بۆت هەڵدەگیرێ بەتایبەت ئەگەر هەڵەبوون، کە رەنگە  میدیاکان و نەیار و ڕکابەرە سیاسییەکانت، لەکاتی پێویستدا دژی خۆت بەکاری بهێننەوە، بۆئەوەی هێرش بکەنە سەر خۆت و پارتەکەت لەهەلبژاردنەکاندا.

 

کێ دەکەیتە کاندیدی خۆت؟

کاندید گرنگترین کارەکتەری  پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەیە، بۆیە لەو کۆبوونەوانەی حزبەکەت، کە بۆ دارشتنی پلانی ستراتیژی  هەڵمەتەکە دەبەسترێت، پێویستە ڕاستگۆیانە و ڕاشکاوانە ڕای خۆت لەسەر خاڵە لاواز و بەهێزەکانی کاندیدەکەت بدەی، پاشان هەوڵبدە لە گۆشەنیگای ڕکابەرەکەیەوە سەیری کاندەدەکەت بکەی (لەوانەیە بەرای تۆ کاندیدەکەت گەنجە و بیرۆکەی نوێی پێیە، بەڵام ڕەنگە رکابەرەکەت بەکەسیکی بێ ئەزموون سەیری بکات).

لەوانەیە کۆبوونەوی تر بکەی بۆ هەڵسەنگاندنی کاندیدەکەت لەرووی تەمەن، ئەزمون، خوێندن و ئەندامانی نزیکی خێزانەکەی، پۆستە سیاسی و کارگێڕیەکانی پێشتری، تاچەند تیایدا سەکەوتوو بووە، بەم جۆرە دەتوانی ژیاننامەیەکی سەرەتایی بۆ کاندیدەکەت ئامادە بکەیت.

زۆرجار کە باس لە خاڵە لاوازەکانی کاندیدەکان دەکرێت شەرمەزار دەبن، بەڵام ئەوان دەستپێشخەرییان کرد وهەنگاویان ناوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سیاسی و پێیان وایە دەتوانن  زۆر شت پێشکەش بکەن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە زەحمەت بیر لەوە دەکەنەوە کە هەندێک کەس لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگی خۆیان پێنادەن، هەر چۆنێک بێت هیچ مرۆڤێک کامڵ نییە، هەموومان هەڵە دەکەین، بەڵام پێمان باشە لەبیری بکەین و باسی نەکەین، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەڵانە لەم ساتەدا زۆر ئاسانترە لەوەی کە پشتگوێیان بخەیت تاوەکو کاردەگاتە سەر ئەوەی ڕکابەرەکەت لە چوارچێوەیەکدا ئاشکرای بکات، کە ئێمە پەسەندی ناکەین وقبوڵ ناکەین.

 

گرنگە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بزانین، کاتێک خاڵە لاوازەکان زوو دۆزرایەوە، کەمپەینەکە زیاتر ئامادە دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان و باشتر ئامادە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی، کە ڕەنگە لە ماوەی هەڵمەتەکەدا لە دژی ئەو سەرهەڵبدەن، هۆکاری دۆڕاندنی زۆربەی زۆری  ئەوکاندیدانەی کە لە کێبڕکێدان  ئەوەیە ڕازی نین هەڵەکانی ڕابردوویان چارەسەر بکەن، تاوەکو سەریان لەو تۆمەتانە سووڕ دەمینێ کە ڕکابەرەکەیان بەشیوەیەکی روونی نەخوازراو یان قبوڵنەکراو بۆیان دروست دەکات لە پای ئەو هەڵانەی کە پێشتر کردوویانە و چارەیان نەکردووە.

لە کۆتاییدا پێویستە سەیری ئەو سەرچاوە دارایی و ئابوورییە جۆراوجۆرانە بکەین کە کاندیدەکان هەیانەو  پشتی پێ دەبەستن، چونکە ئەمە کاریگەریی بەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، پێویستە بزانن کاندیدەکە چ سەرچاوەیەکی دارایی هەیە، چ توانایەکی لەبەردەستدایە بۆ کۆکردنەوەی پارەی پێویست؟ ڕاوێژکاری سیاسی کاندیدەکە کێیە؟ چ جۆرە کەسانێک بۆ تیمی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆدەکەنەوە؟ بەرنامەی هەڵبژاردنی کاندیدەکە چییە؟  هەڵوێستی لەسەر ئەو پرسانەی کە  بەلای دەنگدەرانەوە گرنگن چییە؟ بۆچی خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە کاندید کردوە؟

 

کێ ڕکابەری کاندیدەکەت دەکات؟

دوای ئەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کاندیدەکەمان دەستنیشان کرد، هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو ئەوەیە کە هەمان پرۆسە دووبارە بکەیتەوە لەگەڵ ئەو کاندیدانە رکابەریت لەگەڵدا دەکەن، ئەگەر ڕووبەڕووی ڕکابەرێکی زۆر دەبیتەوە بزانە کامیان لە هەموویان بەهێزترە و ململانێت لەگەڵدا دەکات بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی دەنگدەران، بۆیە کار لەسەر خاڵە بەهێزو لاوازەکانی ڕکابەرەکەت بکە، چاوەڕێ مەکە  ڕکابەرەکانت بە ئاسانی زانیاری لەسەرخۆیان و ئەزموونیان باس بکەن، وەک ئەوەی پاڵیوراوەکانی خۆت دەتدەنی.

 

زۆر جار پاڵێوراوەکان و بەرپرسی بانگەشەکانیان وای دەبینین، کە گەڕان بەدوای کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی ڕکابەرەکەت، پێویستی بە دۆزینەوەی سکانداڵ(فەزیحەیەک) هەیە، کە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بەهەڵمەتی ڕکابەرەکەت. بۆ ئەوەی دەنگدەران ڕازی بکەیت کە دژی ڕکابەرەکەت یاخود بۆ کاندیدەکەت دەنگ بدەن، لەوانەیە لە کاتی پەرەپێدانی پەیامەکەتدا سوود لەم شتە وەربگریت بۆ ئەوەی بەکاری بهێنیت بۆ خستنەڕووی جیاوازیەکانی نێوان بانگەشەی کاندیدەکەت لەگەڵ بانگەشەی ڕکابەرەکەت.

 

هەڵەیەکی تر کە زۆرجار بەڕێوەبەرانی هەڵمەتە سیاسییەکان تێدەکەون ئەوەیە کە دەڵێن؛ نایانەوێت هەڵمەتێکی نەرێنی ڕابگەیەنن بۆ ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکان، بەڵام ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕکابەرەکەت تەواو جیاوازە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی نەرێنی بۆ ئاشکراکردنی کەموکوڕییەکان، ئەگەر کات بەفیڕۆ بدەیت و هەوڵێکی زۆر بۆ گەڕان بەدوای کەموکوڕی و جیاوازییەکانی نێوان خۆت و ڕکابەرەکەت تەرخان بکەیت، ئەوا توانای ئامادەکاریت لەدەست دەدەیت.

سەبارەت بەوەی کە ئەو چی دەڵێت یان چی دەکات، تۆش ناتوانی بۆشایی نێوان تۆ و ئەو دیاری بکەیت، واتە تۆ هەمیشە لە هەڵوێستی بەرگری و چاوەڕوانییدا دەبیت، کەچی لە ڕاستییدا پێویستە تۆ لە هەڵوێستی هێرش بردن و دەستپێشخەرییدا بیت.

 

کاتێک لێکۆڵینەوەت لە ڕکابەرەکەت و کەمپەینەکەی کرد، پێویستە ئەو ستراتیژییەتە دیاری بکەیت کە چاوەڕێ دەکەی ئەو پەیڕەوی بکات، دۆخی تۆ باشتر دەبیت و زیاتر ئامادە دەبیت، وەڵامی  تۆمەتەکانی ڕکابەرەکەت بدەیتەوە.

کاتێک هەموو زانیاریەکانت لەسەر ڕکابەرەکەت کۆکردەوە، پێویستە زۆر بە جوانی ڕێکیانبخەی: سەرچاوەکانت لە لیستێکدا تۆمار بکە، وسیستەمێک دابمەزرێنە کە بتوانی بەخیرایی دەستت بەزانیارییەکاندا ڕابگات، باشترە هەموو ئەم زانیارییانە بخرێنە ناو فایلێکەوە، کە بە زووترین کات وبە ئاسانی بتوانیت بگەڕێیتەوە سەری.

 

ناوی ئەو کۆمپانیایانە بڵاوکرایەوە کە بۆ ئەنجامدانی عومرە ڕێگەپێدراون
پێت ناوی ئەو کۆمپانیایانە بڵاوکرایەوە کە بۆ ئەنجامدانی عومرە ڕێگەپێدراون
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک دەستبەرکاربوو
دوات سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک دەستبەرکاربوو
پەیوەنیدر