بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، ئاماری ڕووداوەكانی ساڵی 2022دا بڵاودەكاتەوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم و ئاماژە بە تۆماركردنی 215 تاوانی كوشتن دەكات.
ئەمڕۆ چوار شەممە، كارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”ژمارەی ئەو ڕووداو و تاوانانەی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەم شێوەیەن، 183 ڕووداوی كوشتنی بە ئەنقەست و 32 ڕووداوی كوشتنی بێ مەبەست”.
بە وتەی كارزان ئەمیر:”240 حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراوە، هەروەها ڕووداوەكانی دزیكردن بەگشتی لە هەرێمی كوردستان 5931 حاڵەت بوون”.
هەر بەپێی ئامارەكە، 2576 حاڵەتی بەكارهێنانی هەڵەی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن تۆماركراوە، 1398 ڕووداوی ساختەكاری تۆماركراون و هەزار و 156 كەسیش بە تۆمەتی سواڵكردن دەستگیركراون.
وتەبێژی پۆلیسی هەرێمی كوردستان دەڵێت:”هێزە ئەمنییەكان 324 كەسیان بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیركردووە، هەروەها 212 ڕووداوی تەقەكردنیان لە هەرێمی كوردستان تۆماركردووە، لەگەڵ 5 هەزار و 206 حاڵەتی هەڕەشەكردن تۆماركراون”.
لە درێژەی خستنەڕووی ئامارەكەدا، كارزان ئەمیر وتی:”پێنج هەزار و 841 شەڕ لە بنكەكانی پۆلیس و بارەگای خزمەتگوزارییە ئەمنییەكان تۆماركراون و 207 كەس لە ڕووداوە جیاوازەكاندا سووتاون، هاوكات 86 كەس ئاگر لە تەرمەكانیان بەردراوە”.