مەكتەبی سیاسی پارتی: هەوڵی زۆرمان داوە و زۆرترین نەرمیشمان لە پێناو یەكڕیزیدا نواندوە



مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: پارتی لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵیداوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:” ئەمڕۆ کە یادی ١٦ی ئابە گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:-

جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
ئەمڕۆ حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوت گەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.

یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان

ھەڤاڵان و جەماوەری ھێژای پارتیمان

زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەکداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا و ھەروەھا لە شۆڕشەکانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ـدا و، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی لەو کاروانە نەپساوەدا بەدیھاتوون، گەواھیدەری ئەوەن، کە پارتی ھێزێک و ڕێکخستنێک و بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێکڕای چین و توێژ و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی کوردستان، ھەروەھا بە گیانی کوردایەتی و کوردستانی و کولتووری دایالۆگ و برایەتی و پێکەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەکانی دیکەی کوردستان کاری کردووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان و دابینکردنی مافەکانمان.

ئەمڕۆ کە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.

کوردستانییانی ھێژا
لە یادی ١٦ی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیرتر ھەنگاو دەنێین بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی ھەرێم، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت، ھەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندووە.

ھاووڵاتیانی خۆشەویست
پارتیمان، لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ.

لەسەر ئاستی ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی شەپۆلە گەرماکەیە کە عێراق و هەرێم دەگرێتەوە
پێت ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی شەپۆلە گەرماکەیە کە عێراق و هەرێم دەگرێتەوە
سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێر باری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان
دوات سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێر باری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان
پەیوەندیدار