بە بۆنەی پشووەكانی سەری ساڵی 2023، 67 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانیيان كردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەماوەی ڕۆژانی25ـی 12ـی 2022 تا 3ـی 1ـی 2023، لە ڕێگەی بازگە و خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی زیاتر لە 67 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان كردووە. لەو ڕێژەیەش زیاتر لە 80% میوانانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون .
ئاشكراشیكردووە، لە ئاماری هاتنی گەشتیاران دەركەوتووە بەراورد بە بۆنەی سەری ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕێژەی هاتنی گەشتیاران زیاتر لە دوو هێندە زیادی كردووە، كە ڕێژەكەی پار ساڵ نزیكەی 30 هەزار گەشتیار بووە.
گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت: لە سەردانی لیژنەكانی گەشتوگوزاری سلێمانی دەركەوتووە لە بۆنەی سەری ساڵ، میوانانی هاتوو كێشەی شوێنی حەوانەوەیان بۆ دروست نەبووە و نرخ تاڕادەیەكی باش بە جێگری ماوەتەوە.