بافڵ تاڵەبانی: وەکو پێویست سوود لە کەرتی وزە وەرنەگیراوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان



سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە کەرتی دەوڵەمەندەی وزەی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت بۆ خۆشگوزەرانکردنی هاووڵاتییان و جەختیش لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، پێشوازیی لە ستیڤ بيتنه‌ر، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، پرسی هەڵبژاردن و کەرتی وزە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەردوولا لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی باشترەوە.

وتیشی: دۆخەکە پێویستی بە گۆڕانکارییە و هەڵبژاردنیش باشترین بژاردەیە تاوەکو بەرەو حوکمڕانییەکی تەندروستتر هەنگاوبنێین. هەموو هەوڵێکیش بۆ دواخستنی پرۆسەکە ڕەتدەکەینەوە و نامانەوێت چارەنووسی هەرێمەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کەرتی وزە تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، نەتوانراوە وەک پێویست سوود لەو ژێرخانە دەوڵەمەندەی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی، بۆیە هەوڵی ئێمە لەپێناو گەڕانەوەی مافە بۆ خەڵکەکەمان و بەکارهێنانی ئەو سامانە نیشتمانییەیە بۆ خزمەتی گشتی و ئاڕاستەکردنی هەرێمەکەمان بەرەو ئاوەدانی.

فوئاد حسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فیدان ئاشکرا دەکات
پێت فوئاد حسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فیدان ئاشکرا دەکات
دوو کەشتی بارهەڵگر بە زیاتر لە 81 تۆن برنجی بەشەخۆراکەوە گەیشتن
دوات دوو کەشتی بارهەڵگر بە زیاتر لە 81 تۆن برنجی بەشەخۆراکەوە گەیشتن
پەیوەندیدار