بەرپرسێکی پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا ڕایدەگەیەنێت کە شاری سلێمانی هەمیشە بارزانی پەروەربوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی حسێن، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-هەڵەبجە، لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیدا وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، هەرکاتێک پارتی بەهێزبووبێت، کوردستانیش بەهێز بووە.
وتیشی: “سلێمانی شاری بارزانی پەروەرانە، چونکە ساڵی 1943 شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانی نەمر (مەلا مستەفای بارزان) لە هەموو کوردستاندا سلێمانییان هەڵبژارد بۆ دەستپێکردنی شۆڕشەکانی بارزان و چوونیان بەرەو کۆماری کوردستان”.
داواشی لە لایەنگرانی حزبەکەی کرد وەڵامی ئەو کەس و لایەنانە نەدەنەوە کە “چاویان بە سەنگ و پێگەی پارتی هەڵنایەت”.
عەلی حسێن ئاماژەشیدا بەوەی چاویان لەوەیە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەنگی لە ئاست پێگەی حزبەکەیان لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنن.