فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەكانی شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردومان دەكەن، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.
کامەران حەسەن، قائیمقامی شارۆچكەی ماوەت ڕاگەیاند، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی گوندی باساوێ-ی بۆردومان کردوە، بەڵام ئەو شوێنەی بۆردومان كراوە دوور بووە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا چەند جارێکی دیکە ئەو سنورەیان بۆردومان کردوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا چەند ناوچەیەكی شارەدێی قەسرێ-یان لە سنوری شارۆچكەی چۆمان بۆردومان کرد و زیانەکانیش نەزانراون.