باوک بەم ڕەفتارانە منداڵەکانی لە دەستدەدات



سۆران ڕەسوڵ – پسپۆڕی پەروەردەیی

باوک واتە نیشتمان، ئارامی، هێز، پشت و پەنا، ژیان بۆ خێزانەکەی و منداڵەکانی، ئەو باوکانەی هەمیشە مامەڵە و ڕەفتارێکی دروست لەگەڵ منداڵەکانیان ناکەن، وە باوکایەتییەکی ڕاستەقینە ناکەن، وە کاتێکیش پەروەردەی منداڵێکیان لە دەستدەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر و دواتریش برینێکی قوڵ و گەورە لەسەر دەروونیان دروستدەبێت و ئەو کات هەست بە تاوانباری خۆیان و نەبوونی بەرپرسیارێتی و نەبوونی باوکایەتی خۆیان دەکەن.

بۆیە پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی منداڵەکەت بدەیتە دەست بژاردەیەکی خراپ و چارەنووسێکی نادیار، بەخۆداچوونەوەیەکی قوڵ و یەکجاری لە هەڵسوکەوتکردنت لەگەڵ منداڵەکانت بکە و دووربکەوەرەوە لەم ڕەفتارە نابەرپرسیارانە:

یەکەم، مامەڵەکردنێکی وشک و ڕەق لەگەڵ منداڵ:

باوکی بەڕێز ئاگاداربە منداڵەکەت جگەرگۆشەی تۆیە، نەرمونیان بە لەگەڵیدا، بە جوانی وەڵامی پرسیارەکانی بدەرەوە و کاتێک قسەت لەگەڵ دەکات تەماشای نیگاکانی چاوی بکە و زەردەخەنەی بۆ بکە، توێژینەوەکان دەڵێن، ئەو منداڵانەی لەلایەن باوکیانەوە گرنگی زۆریان پێدەدرێت زیرەکتر و بەهۆشتر دەبن.

دووەم، ڕەزیلی و چروکی باوک بەرامبەر مافە سەرەتایی و پێداویستییە بنچینەییەکانی منداڵ:

خراپترین جۆری ڕەزیلی باوک لەگەڵ منداڵەکانی پێنەدانی خۆشەویستی و زەردەخەنە و لە ئامێز نەگرتنیەتی، پاشان یاری لەگەڵ نەکردن و چێژپێ نەبەخشین و پشت هەڵکردن لێی، لەگەڵ ئەوەشدا خەرج نەکردنی ئەو پارەیە بۆی کە ڕەنگە سبەی پارەی زیاتری تیادا خەرج بکات لە شتێکی دیکەدا کە نەدەبوو وابێت.

سێیەم، سەرکۆنەکردنی هاوسەرەکەی لەپێش چاوی منداڵەکانی:

ئاگاداربن منداڵ چاودێرێکی گەورەیە لە ماڵدا، چاو تیژ و بە هەستە بەرامبەر هەر جۆرە مامەڵەیەکی نەشیاوی خێزانەکەی، بەڵام ناتوانێت لێکبداتەوە و شیبکاتەوە و گوزارشت لە دەروون و هەستەکانی بکات بەرامبەریان، بۆیە پێویستە باوکان وەک یاسایەکی بنەڕەتی پەروەردەیی هەستیار لەم بابەتە بڕوانن کە لە پێش چاوی منداڵەکانیان سەرکۆنەی دایکیان نەکات و لۆمە و سەرزەنشتی کار و ڕەفتارەکانی نەکات و دەنگ و دەستی بەسەردا بەرز نەکاتەوە، چونکە باڵانسی کەسێتی خۆی لای منداڵەکانی دادەبەزێنێت و پلە و بەهای باوکایەتی خۆی تێکدەشکێنێت و ئیتر چاوەڕێ نەکات منداڵەکانی گوێی بۆ بگرن.

لەڕێ لادانی باوک لە ڕەفتار و بەهاکان و تووشبوونی بە لادانی ڕەوشتی و لەدەستدانی کەسێتی و بەهاکانی باوکێتی و بەکارهێنانی هەڵسوکەوتی نابەجێ، باوک لە خێزاندا وەک سەرکردە و سەرمەشقێک تەماشا دەکرێت و چاوی لەسەرە، هەرکات تووشی لەڕێلادانی ڕەفتاری و ڕەوشتی ببێت جگە لە کاریگەرییە زۆر خراپەکەی لەسەر خودی خۆی، ئەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی خێزانەکەشی دادەنێت و لە داهاتووشدا ڕەفتاری منداڵەکانی سەردەکێشن بۆ ئەو خراپەکارییە.

چوارەم، توندوتیژی و لێدانی منداڵ:

کاردانەوەی توندی باوک بەرامبەر هەڵەکانی منداڵەکەی دەبێتە هۆکاری دروستبوونی هەمان شێوازی کاردانەوە لە منداڵدا.

پەلی منداڵەکەت ڕامەکێشە و بەسەریدا هاوار مەکە و هەڕەشەی لێ مەکە، لێدانی جەستەیی و توندوتیژی بەرامبەر منداڵ لەناو خێزان یان قوتابخانە کەسێتی منداڵ لاواز و پەکدەخات، بەتایبەت لەلایەن باوک، چونکە باوک سەرچاوەی هێز و پشتیوانییە بۆ منداڵ، ئەگەر ئەو هێزە بە ئاراستەی نەرێنی لەڕووی منداڵدا ڕاوەستا، ئەوا منداڵ تووشی تێکشکاندن و بێ هیوایی و لاوازی دەروونی بەرامبەر خودی خۆیی و دەوروبەر و کۆمەڵگەش دەبێت.

 

بڕیاردانی زیاد لە پێویست لە لایەن باوکەوە کەوا دەکات منداڵ لە چوارچێوەیەکی کۆنکرێتی بگرێت، خەونەکانی بکوژێت، تواناکانی لەدەست بدات، بیخاتە چوارگۆشەیەکی بەرتەسکی هەڵسوکەوت و پوکانەوە و گەشەنەکردنەوە.

 

 

 

 

 

 

 

لە بەنداوێکی هەرێم تا ساڵێكی دیکە ڕاوکردنی ماسی قەدەغە کرا
پێت لە بەنداوێکی هەرێم تا ساڵێكی دیکە ڕاوکردنی ماسی قەدەغە کرا
سەرۆک کۆمار مەرسوومی دەستبەکاربوونی بۆ پارێزگاری کەرکووک دەرکرد
دوات سەرۆک کۆمار مەرسوومی دەستبەکاربوونی بۆ پارێزگاری کەرکووک دەرکرد
پەیوەندیدار