ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەکەیان کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانان و پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەنجام دەدات.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان لیژنەی دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیری دارایی و پلاندانان و نەوت و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و چەند بەرپرسێكی دیكە بەڕێوەدەچێت.
ڕوونیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێكی تایبەت بە دارایی و ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییان تاوتوێ دەکرێن.
خەلیل دۆسکی ڕایگەیاند، پارەدارکردنی پارێزگەکان، دابینکردنی پارەی پڕۆژەکان و مووچە و گرفتی پارەی نەختینە و نزمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە گشتی لە نێو ئەو بابەتانەدا دەبن کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن.