وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە ماددەكانی ناو سەبەتەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زۆر باشن و پێش دابەشكردنیان بەتەواوی لە تاقیگەكان پشكنینیان بۆ دەكرێت.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتەكە بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، ئەو ماددانەی بەشەخۆراك، كە لەڕێگەی بریكارەكانەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن هەمان ئەو خۆراكانەن، كە لە بازاڕەكاندا بوونیان هەیە.
ڕاشیگەیاندووە، هیچ ماددەیەكی خراپ و بێ كەڵك لە بەشەخۆراكدا نییە و ئەوەی دەوترێت بە “نادادپەروەرییەکی گەورە لە هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی و حکومەت لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک” وەسف دەکات.
حەنون جەختیشی كردۆتەوە، كارمەندانی وەزارەت بەردەوام وردبینی و بەدواداچوون دەكەن لەڕێگەی ئەنجامدانی پشكنین لە تاقیگەكان بۆ ماددەكانی بەشەخۆراك و داواشی لە هاووڵاتیان كرد، “بڕوا بەو پڕوپاگەندانە نەكەن، كە باس لە خراپی ماددەكانی بەشەخۆراك دەكات”.