پارتی هەڵویستی لە دژی شێوازی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک ڕاگەیاند



پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووکی لە بەغدا بە نایاسایی وەسفکرد کە تێیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک هەڵبژێردران.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک لە بەغدا بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕێبوار تەها، لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پارێزگار و محەمەد حافز لە پێکهاتەی عەرەب وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگە هەڵبژێردران.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی پارتی:

سەبارەت بە گۆڕانكاری و دوا پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركووك، ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی كەركووك ئەو تێبینییەمان هەبوو كە ئەنجامەكان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی كەركووك نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كەركووك و ڕەچاوكردنی دۆخی ئەو شارە و كۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان كرد. لەو كاتەوە هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە كەركووك هەموو لایەك بگەنە ئەنجام و چارەسەرێكی گونجاو، چونكە دۆخی كەركووك دۆخێكی ئیستسنائییە و چارەسەرەكەشی دەبێ چارەسەرێكی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی ئەو شارەدا بێت.

لەدرێژەی ئەو هەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین كۆبوونەوەدا لە 4ی ئابی 2024 لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانیدا كە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و توركمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە چوارچێوەی تەوافوق و كۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە نابێ ئەزموونەكانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆكیش ئەوە بوو كە بۆ دڵنیایی هەموو لایەك پارێزگارێكی كورد و بێلایەن دیاری بكرێت كە لە لایەن هەموو لایەنە براوەكان پەسەند بێت. لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەكان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كرا كە پارێزگاری كەركووك بە شێوەی (ثلاثی) بێت. ئەوە بوو هەر لایەك داوای دەكرد كە پێویستە بۆ یەكەم كەڕەت پارێزگار لە پێكهاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆكیش پێداگر بوو لەوەی كە دەبێ بۆ یەكەمجار پارێزگار كەسێكی كورد بێت. هەروەها سەرۆك بارزانیش داوای لێیان كرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین كە بۆ جاری یەكەم پارێزگار لە كوردێكی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی ڕێك بكەون، كەچی هەر هەموویان ڕەتیان كردەوە لەگەڵ یەكێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێك بكەون.  لەدوای ئەوە چەندین كۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، هەرچەندە هەمووجاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریكردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی هەوڵ و نێوەندگیریەكانی بەڕێز سودانی دەكرا چونكە دۆسیەكە لەدەستی ئەودا بوو و هەوڵێكی زۆری بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ كەركووك دابوو.

 

ئەوەشی لە ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حكومەتی خۆجێیی كەركووك بەبێی ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكان و لە غیابی نوێنەرانی توركمان و بەشێك لە عەرەب و پارتی  كراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەكی دروست نیە. پێمانوایە ئەوەی كراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێكی دروست بۆ تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی شاری كەركووك. چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەكانی ئەو شارە  و سارێژكردنی ژان و ئازارەكانی خەڵكی كەركووك بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناكرێن. چارەسەر ئەوەیە تاكڕۆیی نەكرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەكان نەدرێت و هەموو لایەك بە نیازپاكییەوە و لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك لە بەڕێوەبردنی كەركووكدا بەشدار بن.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

12-08-2024

بایكۆتی فەرمانبەران دەستی پێكردەوە
پێت بایكۆتی فەرمانبەران دەستی پێكردەوە
قۆناغی گۆڕینی قەیران بۆ دەرفەت
دوات قۆناغی گۆڕینی قەیران بۆ دەرفەت
پەیوەندیدار