وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕونكردنەوە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار دەدات و لەو ڕووەشەوە پەیامێك ئاڕاستەی هاووڵاتیانو بازرگانان دەكات.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، “شەوی ڕابردوو بەھای دۆلار لەبازاڕی دراوەكانی عێراق تا نزیكەی 156 ھەزاری تۆماركرد ھەرچەند نرخی شەوان فەرمی نییە”.
باسی لەوەشكردوە، “بانكی ناوەندیی بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ھیچ دۆلارێك بۆ حەواڵە نافرۆشێت”.
دەشڵێت:”بانكی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمڕۆ 127 ملیۆنو 202 ھەزار دۆلار دەخاتە ڕوو، لەو پارەیەش تەنھا 47 ملیۆنو 512 ھەزار دۆلاری بۆ حەواڵە مەزاد كردووە، بەڵام بۆ سبەینێ پێنجشەممە ھیچ بڕە دۆلارێك بۆ حەواڵە نافرۆشێت، تەنھا 43 ملیۆنو 500 ھەزار دۆلار بەنەقدی دەفرۆشێت، ئەمەش بڕێكی زۆركەمە پێویستیو خواستی بازار پڕناكاتەوە”.
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی دەڵێت، “لەدوای سەری ساڵ خواستی بازرگانی بۆ دۆلار زیادیكردووە، چونكە لەپێش سەری ساڵ پرۆسەی حەواڵە وەستابوو بەھۆی پشووی بانكەكانو حساباتی خیتامی كۆتایی ساڵ”.
ڕوونیشیكردەوە:”لەئێستادا بەھۆی ئەوەی بانكی ناوەندیی فرۆشتنی حەواڵەی كەمكردووەتەوە بازرگانەكان بۆ پابەندی بازرگانی ڕوو لەبازاڕەكانی دراو دەكەن بۆ كڕینی دۆلار، دووبارە ئەمەش خواستی دۆلاری بەرزكردووەتەوە”.
گۆران دەشڵێت:”لەم چەند ڕۆژەدا بەھای دۆلار ناجێگیرە، تا ئەم دۆخە سەقامگیردەبێت پێویستە بازرگانانو ھاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداریی مامەڵەبن بۆ ئەوەی دوربن لەزەرەرو زیان”.
باشووری كوردستان