پ. د. سەعید علی محمد
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە لەكاتی بەجێگەیاندنی نوێژی بەیانیاندا ، لەكاتی گفتوگۆ و دواندنی خواو وەستان لەبەردەم پەروەردگاردا ، قەوارەی جولەكە ( لە ڕێی بەکارهێنانی جۆرە موشەکێکی ئەمریکییەوە کە پلەی گەرمیەکەی ٧٠٠٠ پلەیە و لاشەی مرۆڤ دەتوێنێتەوە ) قەسابخانەیەكی گەورەی لەنێو نوێژخوێنانی قوتابخانەیەكی غەززەدا ئەنجامداو، زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی مەدەنی کەزۆربەیان ژن و منداڵ بوون شەهید بوون ، جگە لە برینداربوونی دەیان هاوڵاتی تر! ئەو قوتابخانەیەی كە بەقوتابخانەی ( تابعین ) ناسرابوو دوو هەزار ئاوارەی غەززەی لەخۆگرتبوو، وەك ناوچەیەكی ئارامیش تۆمار كرابوو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
پێش ئەنجامدانی ئەو قەسابخانەیە بە چەند كاتژمێرێكی كەم ئاژانسەكانی هەواڵ و كەناڵە عەرەبی و ئاسمانییەكان باسیان لە بەیاننامەیەكی سێ قۆڵی هەریەك لە ئەمریكا و میسرو قەتەر دەكرد ، هەروەها چەندین بەیاننامەی تر كە سەرجەمیان پشتیوانیان بۆ ئەو هەوڵ و ناوەندگیریانە دەردەبڕی و پشتیوانیان بۆ هەوڵەكانی ئاشتی و ئاگربڕ دووپات دەكردەوە.
ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە میسرو قەتەر كۆبوەوە و قەناعەتی پێ هێنان كە واشنتۆن ڕۆڵی نێوەندگیریی دەگێڕێ و، حەماس و ئیسرائیلیش لە ڕێكەوتن نزیك بوونەتەوە ، دوابەدوای كۆبونەوەكە ، خێرا واشنتۆن سێ ملیارو (500) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە دەوڵەتی جولەكە كرد ، لەبەرانبەردا تەلئەبیب بەیاننامە سێ قۆڵییەكەی ژێر پێ خست و قەسابخانەكەی نوێژی بەیانی بە پارە و دارایی و پیرۆزبایی و موبارەكەی ئەمریكا و ، پشتیوانی تەواوی ئیدارەی (بایدن) ئەنجامدا.
قەسابخانەكەی نوێژی بەیانی نێو قوتابخانەكەی غەززە برینێكی ترە لە برینە قوڵەكانی جیهانی ئیسلامیی بەگشتی و ئەڵقەیەکی ترە لەزنجیرە قەسابخانەكانی تری فەلەستین و غەززە بەتایبەتی و ، درێژکراوەی ( قەسابخانەكەی خان یونس) و ( قەسابخانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی ئەهلیی) و ( قەسابخانەکەی خێوەتگەی ئاوارەكانی ڕەفەح) و( قەسابخانەكەی شوجاعیە) و (تیرۆركردنی ئیسماعیل غۆل) و تیرۆركردنی خێزانی (وائیل دەحدوح) و ئەو قەسابخانانەی تر كە جولەكە لەماوەی (300) ڕۆژی ڕابردوودا لەو شارەدا ئەنجامی داون!
ئەم قەسابخانەیە هاوشێوەی ئەو قەسابخانانەیە كە لە هەریەك لە (سوریا و سۆدان و یەمەن و توركستان و چین ) شوێنەكانی تر دەرهەق بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێ تاوان ئەنجام دەدرێن ، بۆیە لە دیمەنەكاندا هیچ شتێكی نوێ نابینرێ ، مرۆڤەكان دەپاڕێنەوە ، كەسایەتیی و ڕێكخراوو لایەنە مرۆڤ دۆستەكان بێزاری دەردەبڕن و ئیدانە دەكەن ، هۆنراوە دەنووسرێ و بەیاننامەی ئیدانە بڵاودەكرێتەوە! بەڵام ئایا ئەم ئەندازە بەسە ؟ ئەی ئایا دوای ئەوە چی دەبێ ؟!
بێ گومان بەڵا گەورەكە و كارەساتە بەردەوامەكە لە دەسەڵاتدارو فەرمانڕەوا ستەمكارو دیكتاتۆرەكاندایە كە ناتوانرێ بگۆڕدرێن ، گەلە هەژارو بەشمەینەتەكان ناتوانن ئارامیان لەگەڵدا بكەن و لەگەڵیاندا هەڵبكەن و لەسایەی دەسەڵاتیاندا ژیان مومارەسە بكەن ، جگە لەوەی بێدەنگ بوون لە ستەم و تاوانەكانیشیان بە خیانەت و ناپاكی لە قەڵەم دەدرێ بەرانبەر بە دین و شەرەف و نامووس و كەرامەت و هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی!
وێنەكان و دیمەنەكانی نێو قوتابخانە بۆردومان كراوەكە زۆر ئازار بەخش بوون ، ناخ هەژێن بوون ، قەسابخانەكە بە تەواوی ماناكانی ووشە ترسناك و نامرۆڤانە و وەحشییانە بوو، ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرا بوو بۆ ئاستی دڕەندەیی و قێزەوونی دوژمن!!
لەڕاستیدا ئەوەی لە جەنگەكاندا لە بەڵا گەورەترو نالەبارترە ئەوەیە دوژمنەكەت زۆر ئاست نزم و بێ هەست و بێ نرخ بێت ، هەر لەبەرئەوەیە جەنگ لە شەریعەتی موسڵماناندا لەسەر كۆمەڵێ یاساو ڕێساو بنەمای ئەخلاق و چاكە و لەبەرچاوگرتنی پیاوەتی و شەرەف وەستاوە ، ئەو یاساو ڕێساو بنەمایانەی كە دوژمنەكان بەدرێژایی مێژوو لەدەستیان داون و ژێرپێیان خستوون ، بۆیە دەبینی جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەكانی دنیای ئەمڕۆش دەرخەرو نیشاندەری ئەوەن كە ئایا چ شارستانییەتێك باشترە و جێی ئارامی و حەسانەوەی مرۆڤەكانە و، چ شارستانییەتێكیش بۆتە بەڵاو سەرچاوەی ستەم و قڕكردنی مرۆڤە و گەل و نەتەوە بێ دەسەڵاتەكان.
ئا ئەمەیە ئەو هاوكێشەیەی كە نەفام و ساویلكەكان نایانەوێ لێی تێبگەن ، ئەمریكا قەت نابێتە ئاشتیخواز و ناوەندگیر، لەڕابردووشدا قەت ئاشتیخوازو ناوەندگیر نەبووە ، ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و كەنەدا هەر هەموویان تەنها لەسەر یەك خاڵ و بڕیار كۆك و یەكدەنگن كە ئەویش بریتیە لەپشتیوانی كردنی تەواوی دەوڵەتی ئیسرائیل لە كۆتایی پێ هێنان و قڕكردنی گەلی فەلەستین و غەززە!
ئەمەیە عەیب و عارو سەیرو سەمەرەكانی دنیای عەولەمە و جیهانی مۆدێرنە ، خەڵك سەردەبڕدرێن ، خەڵتانی خوێن دەكرێن ، ژن و منداڵ كاتێك سەرگەرمی بەجێگەیاندنی نوێژو ئەرك و پەرستشێكی ڕۆحیی ئایینین قەتڵ و عام دەکرێن ، بێ هیچ گوێدانە شەرع و دین و عورف و نەریت و یاساو ڕێسایەك ، جیهانی مۆدێرنەش ئەو هەموو كوشت و بڕو تاوان قڕكردنە دەبینێ نەك تەنها خۆی لێ گێل و بێ ئاگا دەكات ، بەڵكو بەرگری لێ دەكاو موبارەكەی دەكات.
دەرکەوت عەلمانییەتی دنیای ئەمڕۆ – وەک بیرمەندەکان دەڵێن – نەک تەنها جیاکردنەوەی دینە لە دەوڵەت و کایەکانی ژیان ، بەڵکو جیاکردنەوەی کۆی ژیانی مرۆڤە لەسەرجەم بەها ئینسانیی و ئەخلاقیی وئایینیەکان ، بەشێوەیەک جیهان بۆتە ماددە و کەرەستەیەک کە بەهێزەکان و دەسەڵاتدارەکان بۆمەرامی خۆیان بەکاری دەهێنن ! ئەوەتانێ عەلمانییەت و جیهانی مۆدێرنەی ئەمڕۆ تاوانبار پاداشت دەکات لەسەر تاوانەکانی ، هەمووئایینە ئاسمانیەکان و بەهاکان و ڕێسا مرۆییەکان ژێر پێ دەخات ! ئەوەتانێ لەجیهانی مۆدێرنەدا لاوازو بێ دەسەڵاتەکان لەلایەن دەسەڵاتداروزلهێزەکانەوە ڕۆژانە دەخورێن وقوت دەدرێن!