بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و پەروەردەی هەولێر دەستەی کارگێڕی و فرۆشگاکانی خوێندنگە حکومیی و ناحکومیی شارەکەیان ئاگادار کردۆتەوە، کە فرۆشتنی خواردنەوە وزەبەخشەکان لە ناوەندەکانی خوێندن قەدەغەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لە ڕێکەوتی ١٠ / ٨ /٢٠٢٤ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەهاهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لەڕێگەی تیمەکانی هۆبەی تەندروستی خوێندنگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر بەمەبەستی پشکنینی تەندروستی لەنێو ناوەندەکانی خوێندنی (حکومی و نا حکومی) بۆ قەدەغەکردن و نەهێشتنی (خواردەنەوەی وزەبەخشەکان) لە ناو فرۆشگاکانی خوێندنگەكان دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی بەردەوام بۆ چاودێرکردن و ئاگادارکردنەوەی سەرجەم دەستەی کارگێری خوێندنگەكان و فرۆشگاکان لە نەفرۆشتنی خواردەنەوەی وزەبەخشەکان لە ناو ناوەندکانی خوێندن.
جەختیشی كردۆتەوە، شارەزایانی بواری پزیشکی پێیان وایە، لەڕووی زانستیەوە خواردنەوەی ئەم وزە بەخشانە دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی گەشەی مێشکی خوێندكاران و ئاڵودەبوونیان و خواردنەوەی بڕێکی زۆریش دەبێتە نۆرەی دڵ و مردنی کەسەکە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ساڵانی ڕابردووشدا لە فرۆشگای خوێندنگەكان چەند جۆرێكی خواردن و خواردنەوە قەدەغە كراوە، بەتایبەت خواردنەوە وزەبەخشەكان و جپس و خواردنی سورەوكراو و شیرینییەكان.