پزیشکێک باس لە کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە دەکات



پزیشکێکی پسپۆڕ کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت، “منداڵانی نەبەکام بەراورد بە منداڵانی دیکە زیاتر تووشی کەمی ماددەی ئاسن دەبن”.

ماددەی ئاسن لەخوێندا لەگەڵ هیمۆگڵۆبین یەکدەگرێت و هیزی هەڵگرتنی ئۆکسجینی پێدەدات، د. پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان نیشانەکانی کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە بەم شێوەیە ڕووندەکاتەوە:

۱-ڕەنگی منداڵەکە کاڵ دەبێتەوە

۲-منداڵەکە بێ تاقەت و کڕوزانەوەی زۆر دەبێت

۳-دڵی پەلە پەل ئەکات واتە خێراتر دەبێت لە ئاسایی

٤-کاریگەری لەسەر زیرەکی منداڵەکە دەبێت

٥-بێزوو (خواردنی ئەو شتانەی کەخواردن نین بۆ نمونە سەهۆڵ ؛گڵ و قور ؛ کاغەز)

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە باسی لەو منداڵانە کرد کە زیاتر تووشی کەمی ماددەی ئاسن دەبن و وتی، ئەو منداڵانەی کە بە ناکامی لەدایک دەبن (واتە پێش کاتی پێگەیشتن یان کاتی خۆیان تەواو بکەن)، خواردنی شیری مانگا بە فرێشی یان بە دەبە پێش تەمەنی یەک ساڵی بە تایبەتی ئەگەر خواردنی سەرەکی بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵێک کە شیری دایکی بخوات و ئەگەر لەدوای ٦ مانگیەوە خواردن و سریلاک نەدرێت بە منداڵەکە کە ماددەی ئاسنیان تێدا زۆرە، ئەگەر منداڵێک شیری قووتو بخوات و شیرەکە ماددەی ئاسنی تێدا نەبێت، منداڵی تەمەن ۱ ساڵ بۆ ٥ ساڵ ئەگەر زیاتر لە ۲٤ ڕەقەم واتە ۷۲۰ مللی لیتر شیری مانگا یان شیری بزن بخواتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە هەموو منداڵێک لە تەمەنی یەک ساڵیدا شیکاری تاقیگەیی بۆ کەمی ماددەی ئاسن بۆ بکرێت، ئەگەر منداڵەکە لەو گروپەی سەرەوە بوو کە زیاتر پێشبینی کراون بۆ تووشبون کەواتە دەبێ پێش ئەو تەمەنە ئەو شیکاری تاقیگەییان بۆ بکرێت.

لەبارەی چارەسەریشەوە ئەوەی خستەڕوو، پێویستە ماددەی ئاسن بە شێوەی شرووب بۆ ماوەی سێ مانگ بدرێت بە منداڵەکە، بڕی ڕۆژانەی شروبەکە دەبێ بەپێی کێشی منداڵەکە بێت وە لەلایەن پزیشکی پسپۆری منداڵان دیاری بکرێت.

وتیشی، هۆکاری ئەوەی کە هەندێ منداڵ بەو چارەسەرەش باش نابن لەوەنەیە یەکێک لەم هۆکارانە بێت:

۱-منداڵەکە باش هەڵنەکات لەگەڵ دەرمانەکە واتە باش نەیخوات

۲-بڕێکی کەمتر لەوەی کە پێویستە دەرمانەکەی پێ بدرێت

۳-لەوانەیە کێشەکە لە جۆری دەرمانەکە هەبێت

٤-لەوانەیە کێشە لە هەڵمژینی دەرمانەکە هەبێت لە ڕیخۆڵەدا

٥-لەوانەیە لە هەمان کاتدا خوێنبەربوونی شاراوە لە ڕێڕەوی هەرسدا هەبێت

٦-لەوانەیە لەهەمان کاتدا هەوکردنی لە شوێنێکی تری جەستەدا هەبێت کەبۆتە هۆی نەبوونی وەڵام بۆ چارەسەرەکە

۷-لەوانەیە لە هەمان کاتدا کەمی ماددەی تری هەبێت وەک ڤیتامی ب۱۲ ، یان فۆلیک ئەسید کە ئەوانیش ئەبنە هۆی کەم خوێنی

۸-لەوانەیە دیاری کردنی هۆکاری کەم خوێنیەکە هەڵە بێت

 

تیروپشک بۆ کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دەکرێت
پێت تیروپشک بۆ کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دەکرێت
ئۆکراین هێرشی هەڵگەراوەی ئەنجامدا و ڕووسیا باری نائاسایی ڕاگەیاند
دوات ئۆکراین هێرشی هەڵگەراوەی ئەنجامدا و ڕووسیا باری نائاسایی ڕاگەیاند
پەیوەندیدار