خاوەن پێداویستییەکی تایبەت لەلایەن چوار تۆمەتبارەوە پاش ئەوەی گاڵتە و سوکایەتی پێدەکرێت، هێرشی دەکرێتەسەر، خێزانەکەشی دەڵێن، “لە تۆمەتبارەکان خۆشنابین”.
ئالان یاسین تەمەن، 32 ساڵ نابیست و نادووە، دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، ماوەی دوو هەفتەیە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و هاوسەرەکەشی نابیست و نادووە.
ئێوارەی دوێنێ بەرواری 7/8/2024 لەکاتی گەرانەوەی بۆ ماڵەوە، چوارکەس بە وتەی پۆلیس تەمەنیان (30 بۆ 45) ساڵ دەبێت، ڕێگەی پێدەگرن و سوکایەتی پێدەکەن پاشان دەبێت بە شەڕیان و لێی دەدەن.
نەژاد مەحمود، خاڵی ئالان یاسین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ئەم کوڕە بێ باوکە تا ئێستا چەند جارێکی دیکەش ڕێگەی لێگیراوە و گاڵتەیان پێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئالان دوێنێ بۆ پێداویستی ناوماڵ ڕۆشتووەتە دەرەوە، چوار کەس ڕێگەیان پێگرتووە بە زمانی ئاماژە گاڵتە و سوکایەتییان پێکردووە و ئیهانەی شەرەفیان کردووە، دواتر بووە بە شەڕیان و لێیان داوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی ئالان لەگەڵ دایکیدا لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردووە و سیانیان دەستگیرکراون.
بە وتەی کەسوکارەکەی هیچ ناسیاوییەکیان لەگەڵ تۆمەتبارەکان نییە، بێ هیچ هۆکارێک هێرشیان کردووەتە سەر، ئێستا ئالان لە خەستەخانەی شارە دەستی لە دوو جێگا، شان و بڕبڕەی پشتی شکاوە.