جەمال حەسەن، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، شەش هێزی سیاسی گرنگ پشتیوانی لە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكەن لە وڵاتدا.
جەمال حەسەن لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بیرۆكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە وڵات لە ئێستادا نییە، بە تایبەت لەگەڵ زیادبوونی ڕووبەری ڕەتكردنەوەی یان دواخستنی لەلایەن شەش هێزی سیاسی گرنگ كە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و سیادە و پارتی و یەكێتی پێكدێن، نزیكەی لەسەدا ٩٠ی پەرلەمانتارە سەربەخۆكانیش پرۆسەكە ڕەتدەكەنەوە”.
ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت”زۆربەی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە حكومەتەكەی سودانى لەسەر ڕێڕەوێكی دروست ڕێدەكات و سەركەوتوو بووە لە ئیدارەدانی هەندێك دۆسێ لە ماوەیەكی كورتدا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش مانای خەرجكردنی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار دەگەیەنێت و دەبێت بەر لەوە گۆڕانكاریی لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و دۆسێكانی تردا بكرێت، بۆیە لەئێستادا هیچ هەوڵێك بۆ پشتیوانی لەو هەنگاوە نەخراوەتەگەڕ”.
جەمال حەسەن پێیوایە”قۆناغی ئێستا پشتیوانیكردن لە حكومەتەكەی سودانی دەسەپێنێت، لەپێناو هێنانەدی كارنامەی ڕاگەیەندراوی حكومەت لە دۆسێ ئەمنی و ئابوورییەكان و تەنانەت پەیوەندییە دەرەكییەكانیش”.
لە دوای پاشەكشەكردنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی، لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢، محەمەد شیاع سودانی پیكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی ڕاگەیاند و بەڵێنیدا كار بۆ چاككردنی خزمەتگوزارییەكان و باشتركردنی ژیانی توێژە لاوازەكەی كۆمەڵگە بكات و لەماوەی ساڵێكیشدا زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.