دوابەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە مانگی ڕابردوودا بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەكانی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٢، هەریەكە لە حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم وەك دەستكەوتی خۆیان و مژدە دایان بە گوێی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران، بەڵام وەزیری دارایی عێراق، كە بە “پاسەوانی پارەكانی عێراق” ناسراوە ناردنی پارەكە بە سێ پاساو ڕادەگرێت، كەواتە كێ دەبێتە خاوەنی دەستكەوتی هێنانی پارەكە؟
بڕیاری ٤٠٠ ملیارەكە هەریەكەی بە دەستكەوتی خۆی دەزانێت
دوابەدوای كۆبوونەوەی سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت، كە پێكهێنەری حكومەتی نوێی عێراقن و هەروەها دواتر چوونی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دانووستان لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بودجە و نەوت، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕۆژی ١٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢دا بڕیار درا ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت وەك نیازپاكی بۆ ڕێككەوتن.
دوابەدوای ئەو بڕیارە هەریەكە لە بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم وەك دەستكەوتی خۆیان و بەرئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران وەسفیان كرد و دواتریش حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، كە “ئەو بڕیارە لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بووە و تیمی یەكێتی بەشداری شاندەكەیان نەكردووە” و دواتریش تیمی وزاری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم بە ڕاگەیەنراوێك وەڵامی ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمی دایەوە و وتی، “ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە”.
نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق لە پشكی یەكێتی لە لێدوانێكی بۆ میدیایی فەرمی حزبەكەی ئاماژەی بەوەكردووە، محەمەد شیاع سودانی وەكو بەشێك لە جێبەجێكردنی مەنهەجی وەزاری و كارنامەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری خەرجكردنی ٢٠٠ ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی بۆ مانگەكانی ١١ و ١٢ داوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئەنجامی دانوستانی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، سەرۆك وەزیرانی فیدرال (محەمەد شیاع سوودانی) بڕیاریدا پشكی هەرێم بۆ هەردوو مانگی ١١ و ١٢ی ئەمساڵ، كە دەكاتە ٤٠٠ ملیار دینار بنێرێت.
ڕاشیگەیاندووە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاسپاردە و ڕێنوێنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی كردووە.
حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەشڵێت: “بە هۆی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی حكومەتەوە، هیچ وەزیرێكی یەكێتی بەشداری لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكرد و ئامادە نەبوون سەردانی بەغدا بكەن”.
لە بەرامبەریشدا، تیمی وەزاری یەکێتی لە حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، “ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە”.
كێ دەتوانێت “پاسەوانی پارەكانی عێراق” ڕازی بكات؟
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت: “دەنگۆی ڕاگرتنی ٤٠٠ ملیارەكە ڕاست نییە و هیچ ڕێگرییەك نییە” بەڵام وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوێك جەخت لەوە دەكاتەوە، كە پارەكە نانێرێت و بۆ ئەوەش چەند پاساوێك دەهێنێتەوە.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، “ھەر كاتێك ڕێكارە ئیدارییەكان بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراقەوە تەواو بوو، پارەكە ڕەوانە دەكرێت و ھیچ ڕێگرییەك نییە”.
وتوشیەتی، “ئەو دەنگۆیەی باس لەوە دەكرێت، كە وەزیری دارایی ڕێگرە لەوەی پارەكە ڕەوانە بكرێت و ڕازی نییە، ڕاست نییە، چونكە حكومەت بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان داوە و بڕیارەكەش دەرچووە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ڕێكارەكان تەواو بكرێن و پارەكەش ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بكرێت”.
بەڵام وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای دەكات، كە ناردنی ٤٠٠ ملیارەكەی ڕاگرتووە و بۆ هۆكارەكەشی سێ پاساو دەهێنێتەوە و بە نووسراوێك بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەڵێت: “دەبووایە بەگوێرەی ماددەی ١٠ی یاسای بودجەی گشتی ٢٠٢١ شایستە داراییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٠ پاكتاو بكرێن لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت بە حكومەتی فیدڕاڵی، بەڵام ئەو هەنگاوانە نەنراون”.
سەبارەت بە هۆكاری دووەمی نەناردنی پارەكە، تەیف سامی نووسیویەتی، “هەرچی بڕیاری دووەمە، كە ژمارە ١١٠ی فیدڕاڵی لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق لە پشكی پارێزگای بەسڕە پێشكەش كراوە، دژ بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەزیری سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ هەمان سكاڵای پێشوو تێكەڵكراون”.
بەپێی نووسراوەكەی وەزیری دارایی، هۆكاری سێیەمی نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكە ئەوەیە، كە لە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ نووسراوێكی دیوانی چاودێری داراییان پێگەیشتووە و تێیدا هەرێمی كوردستان داوایكردووە خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بكرێتە ١٧ ترلیۆن و ٧٠٣ ملیار و ١١٠ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار و ٥٥٠ دینار، لە بری ١٢ ترلیۆن و ١٥٦ ملیار و ٤٩٨ ملیۆن و ٩٧ هەزار دینار و دەڵێت: “ئەوە پێویستی بە بۆچوونی دیوانی چاودێری دارایی عێراقە”.
جەختیشی كردۆتەوە، پێشتر تێبینی هەبووە لەسەر بڕیاری هاوشێوە، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەركراوە، كە تایبەت بوون بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
كێ دەبێتە خاوەنی دەستكەوتی هێنانی پارەكە؟
سەربارەی لێدوان و ڕاگەیەنراوە جیاجیاكانی هەردوو تیمی یەكێتی و پارتی لە حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ئەو دوو حزبە لە بەغدا لەسەر ٤٠٠ ملیارەكە و پشكی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ناردنی پارەكەی ڕاگرتووە و بە مەرجی جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانەی باسی كردوون پارەكە دەنێرێت، بەڵام ئاخۆ لەنێوان یەكێتی و پارتی كامیان دەتوانن وەزیری دارایی عێراق ڕازی بكەن و ببنە خاوەنی دەستكەوتی هێنانی پارەكە.
یەكێتی و پارتی، كە بەشێكی پێكهێنەری حكومەتی عێراقن و بەشێكن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و وەزیریان لە كابینەكەی سودانی هەیە، ئایا دەتوانن فشار بكەن بۆ ڕەوانە كردنی ٤٠٠ ملیارەكە و ڕێگرییەكانی وەزیری دارایی كۆتایی پێ بهێنن؟