تا ئێستا مووچەی مانگی ٧ی فەرمانبەران نەنێردراوە و مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی هەرێم بەیاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق نێردراوە، هێشتا دیار نیە، كە ئایا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەوجۆرە مووچەی خانەنشینان دەنێرێت یان نا و پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: پێویستی بە نزیكەی ٧٠ ملیار دینارە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ٢٣/٦/٢٠٢٤ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی دروست کرد بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە (٩ ی ساڵی ٢٠١٤) و چارەسەرکردنی چارەنووسی لێبڕینی خانەنشینی پێشوو، کە لە فەرمانبەران بڕدراوە و پەیوەست کردنی بە حکومەتی فیدڕاڵ، كە پێویست بوو لیژنەکە کارەکانی لەماوەی (٦٠) ڕۆژدا واتە تاکو ٢٣/٨/٢٠٢٤ ئەنجام بدات.
وتیشی، “لەئێستادا لیژنەکە عەمەلی نەبووە و چاوەڕوان دەکرێ هەڵوەشێنرێتەوە و لیژنەیەکی دی دروست بکرێ عەمەلی بێت”.
ئاشكراشی كرد، ئەوەی گرفتە هەرێم سندوقی خانەنشینی نیە و پارەی لێبڕینەکەش (پارەکە) دیار نیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ جێبەجێکردنی یاساکەش بەسەر تەواوی خانەنشینان پێویستە نزیکەی (٧٠) ملیار دینار بخرێتە سەر مووچەی هەرێم.
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، ئەو پەرلەمانتارە وتی، “تاکو ئێستا وردبینی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بەردەوامە بۆ لیستەکانی مووچە، هەرکات وردبینیەکە تەواو بوو تەمویلی مووچە دەست پێدەکات”.
جەختیشی كردەوە، چارەسەری یەکجاریی مووچە و لیستەکان و ئەم دواکەوتنانە تەوتینە، تاکو هەرێم تەوتین نەکات کێشەی مووچە چارەسەر نابێت.