ئێران لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 300 کەسی لەسێدارە داوە



ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە لە سەرەتای ساڵی 2024 تا مانگی  حەوت-ی ساڵی 2024 لانیکەم 300 کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارەدراون، کە بەشێک لەوانەی لە سێدارەدراون بریتی بوون لە 15 ژن، 42 هاووڵاتی بالوچ، 20 هاووڵاتی کورد و 20 هاووڵاتی ئەفغانی.

هەربەپێی ڕاپۆرتەکە تەنها لە مانگی تەمموزدا لانیکەم 49 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، 36 کەسییان لە کۆتا مانگەکەدا لەسێدارە دراون.
ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات سەبارەت بە چڕبوونەوەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران و داوای سەرنجێکی تایبەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵک دەکات بۆ لە سێدارەدانەکان لە زیندانەکانی ئێراندا.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران مەحمود ئەمیری موقەدەم وتی ” ئێمە بە تایبەتی نیگەرانیین سەبارەت بە شەپۆلی نوێی لە سێدارەدانی چالاکوانە مەدەنییە کوردەکان و زیندانییەکانی دیکە لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا، تەنها ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم شەپۆلی لە سێدارەدانە ئەوەیە کە باجە سیاسییەکەی زیاتر بکەین لە ڕێی خۆپیشاندانی کۆمەڵگەی مەدەنی و فشاری نێودەوڵەتییەوە.”

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لەو ناوەندە، لە سەرجەم ئەو بەندکراوەی کە لەسێدارە دراون، تەنیا ٢١ حاڵەت واتا ٨٪ی کۆی حاڵەتەکان لە میدیا حکومەتییەکان و میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بەشێوەی فەرمی بڵاو کراونەتەوە و ٩٢٪ی حاڵەتەکان میدیایی نەکراونەتەوە.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئەوان توانیویانە ناسنامەی ٢٥٩ کەسیان ئاشکرابکەن، و لەهوڵی دۆزینەوەی ناسنامەی ئەوانی تردان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە سەرجەمی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون بەچەند شێوەیەک جیاکراونەتەوە و بەسەر چەند پۆلێکدا دابەشکراون، بەمشێوەیە:

ماددە هۆشبەرەکان: ١٥٩ حاڵەت واتە ٦٠٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کوشتنی بە ئەنقەست: ٩٠ حاڵەت واتە ٣٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.
چالاکی سیاسی و ئایینی: ١٠ حاڵەت واتە ٣.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
دزیی چەکدارانە: ٥ حاڵەت واتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
دەستدرێژیی سێکسی: ٢ حاڵەت واتا ٠٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

جیاکردنەوەی لەسێدارەدرانەکان بەپێی تۆمەتەکان

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤ی زۆرترین ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون کەسیدەکەیان پەیوەندی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە، کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ٦٠لەو ژمارە لەسێدارە درانەی لە نیوەی ئەمساڵدا ئەنجام دراوە ١٥٩ کەس بە تۆمەتی جیاوازی ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو بڕیارەیان بەسەردا سەپینراوە، واتە ٦٠٪ کۆی حاڵەتەکان.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٠ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤

لە سەرەتای مانگی یەک تا کۆتایی مانگی شەش-ی ٢٠٢٤، لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ بەندکراو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و هەروەها تۆمەتی وەکوو سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی ئایینی، یەک کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و یەک کەسیش بەهۆی بەشداریکردن لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لێرەوە ناوەکانیان تۆمار کراون

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی یەک منداڵ و ١٠ ژن

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی منداڵێکی تاوانبار بەناوی ڕامین سەعادەت خەڵکی میاندواو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.

هەروەها لەم دواییانەدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٦ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەی سێ کەس لەو ژنانە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدرانەکان بەپێی ئیتنیک و نەتەوە

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، کورد بوون کە بریتی لە ٧٢ حاڵەت واتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ٤٢ بەندکراوی تورک و ٣٢ بەندکراوی بەلووچ لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو ئامارە لە سەرجەم بەندکراوانی لەسێدارەدراو ٤٤ بەندکراو فارس بوون. لەسەر ئیتنیکی ٢٨ بەندکراوی دیکە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بەندکراوانی کورد: ٧٢ حاڵەت واتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی تورک: ٤٢ حاڵەت واتە ١٦٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی بەلووچ: ٣٢ حاڵەت واتە ١٢٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی بیانی: ٢٤ حاڵەت واتە ٩٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی لوڕ و لوڕی بەختیاری: ١٢ حاڵەت واتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی گیلەک: ٥ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ٣ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی کەمینەی هەزارە: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی سەر بە ئیتنیکی نادیار: ٢٨ حاڵەت

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٤ بەندکراوی بیانی

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، لانی کەم ٢٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون. هەروەها بەندکراوێکی خەڵکی وڵاتی عێراق لەسێدارە دراوە.

لە سەرجەم ئەو ٢٤ بەندکراوە ٩ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ١٥ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەشی زۆرتری ئەو بەندکراوانە بریتی لە ٨ کەس لە بەندیخانەکانی خوراسانی ڕەزەوی لەسێدارە دراون. هەروەها لە هەر یەک لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس و ئەلبۆرز ٤ هاووڵاتیی بیانی لەسێدارە دراون.
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکان بەپێی پارێزگاکان

بەپشتبەستن بەو ڕاپۆرتە، زیاترین بەندکراوان لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵ کە لە ئێراندا لەسێدارە دراون، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بووە کە ٥٥ حاڵەت واتە ٢٠.٥٪ی کۆی ئامارەکانە. دواتر زیاترین لەسێدارەدرانەکان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی بە ٣٠ حاڵەت و پارێزگای فارس بە ٢١ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

بەندیخانەکانی پاریزگای ئەلبۆرز: ٥٥ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣٠ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای فارس: ٢١ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان: ٢٠ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ١٨ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای زەنجان: ١٢ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای کرمان: ١١ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای هەمەدان: ٩ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، قەزوین و ئەردەبیل: هەر یەک ٨ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای قۆم: ٧ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، گوڵستان، گیلان و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ٥ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای لوڕستان: ٤ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای یەزد و مەرکەزی: هەر یەک ٣ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای هورمزگان: ٢ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای سنە، سمنان، خووزستان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ١ حاڵەت.

پارە گەیشت و سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت
پێت پارە گەیشت و سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت
“نەشتەرگەریی منداڵێک کە تێچووەکەی 15 بۆ 18 ملیۆن دینار بوو بە 600 هەزار ئەنجامدرا”
دوات “نەشتەرگەریی منداڵێک کە تێچووەکەی 15 بۆ 18 ملیۆن دینار بوو بە 600 هەزار ئەنجامدرا”
پەیوەندیدار