کۆمەڵەی پرۆتینی ئاژەڵی بەڕازیل بڵاویکردەوە، کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 بە بەهای زیاتر لە 230 ملیۆن دۆلار مریشک هەناردەی عێراق کراوە.
بەپێی ئەو داتایانەی کۆمەڵەی پرۆتینی ئاژەڵی بەڕازیل (ABPA) بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ بەهای هەناردەکردن گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 250 هەزار تۆن، کە بەراورد بە 5 ملیۆن و 130 هەزار تۆن کە ساڵی ڕابردوو هەناردە کران، بە ڕێژەی 2.2% زیادیکردووە.
لەڕووی بەهاوە هەناردەکردن لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تا مانگی حوزەیران گەیشتووەتە کۆی گشتی 4.63 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 10.3% کەمیکردووە.
ڕیکاردۆ سانتین، سەرۆکی کۆمەڵەی پرۆتینی ئاژەڵی بەرازیل، ڕایگەیاند، سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی هەناردەکردن، چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی فرۆش بە وڵاتانی ئیسلامی زیاد بکات، کە هاوردەکاری سەرەکی گۆشتی مریشکن.
ڕیکاردۆ سانتین ئاماژەی بەوەشکرد، هاوردەکاری سەرەکی مریشکی بەڕازیلی چینە کە 11%ی هەناردەی بەرازیل پێکدەهێنێت، دوای ئەویش ئیمارات بە 10%، ژاپۆن و سعودیە بە 8%، باشووری ئەفریقا بە 7%، فلیپین بە 5 % و عێراق بە 4%.
لە کاتێکدا هاوردەی سعودیە بە کۆی گشتی بەهای 431.2 ملیۆن دۆلار، بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 5% زیادیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە فرۆشی گۆشتی مریشکی بەڕازیلی بۆ عێراق بەڕێژەی 28.3% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 231.9 ملیۆن دۆلار، هەروەها فرۆشتن لە کوێت، عومان، قەتەر و ئوردن گەشەیکردووە، لەکاتێکدا لە یەمەن و بەحرەین دابەزیوە.