ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت مووچەی خانەنشینی تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە مانگانە بڕێک لە مووچەکەیان خرابێتە سندوقی خانەنشینییەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو سندوقەی نییە، بۆیە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق مەحاڵە.
ئەمڕۆ سێشەممە، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، هێشتا دەربارەی دۆسیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوتووین، ئەویش بەو پێیەی دەبێت بڕی لێبڕینەکانی خانەنشینان بخرێتە سەر سندوقی دەستەی نیشتمانیی خانەنشینان و لەوێوە شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، نەریت وایە پارەی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت و دەخرێتە سندوقی خانەنشینانەوە کە دەستەی خانەنشینی بەڕێوەیدەبات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وانەکراوە، بۆیە ئەمەش یەکخستنی مووچەی خانەنشینانی مەحاڵ کردووە.
کازمی بە پێویستیزانی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی 250 هەزار خانەنشینی هەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە، بێ ئەوەی بارگرانی دارایی لەسەربودجەی گشتی دروست بکات.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕاشیگەیاند، وەزارەتی دارایی و دەستەی خانەنشینی، مووچەی خانەنشینی تەنها بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکەن کە لە 20-30 ساڵ بەرەوژوور خزمەتیان کردبیت و پارەی خانەنشینی لە مووچەکانیان بڕدرابێت.