ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاژەی دامەزراندنی نزیكەی ٤٠ هەزار فەرمانبەری بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستەكان پەسەند كرد و بڕیاریشیدا سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بكرێنە هەمیشەیی.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی كۆبووەوە و بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار دراوە بە پەسەند كردنی ڕاژەی دامەزراندنی ٣٩ هەزار و ٦١٨ فەرمانبەران بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكانی دەوڵەت.
ڕاشیگەیاندووە، ڕەزامەندی دراوە تاوەكو وەزارەتی دارایی پلەی وەزیفی نوێ بهێنێتە كایەوە لەچوارچێوەی بودجەی فەرمانگەكان بۆ بەهەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پیێش ٢- ١٠- ٢٠١٩ لە چوارچێوەی بودجەی بەكاربردن.
لای خۆشیەوە، عودەی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی داوە لەسەر بەهەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە وردبینی كراوە و پەسەند كراوە.
هاوكات، ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، سەرجەم پاسەوانانی دادوەری، كە بە گرێبەست كاریان كردووە دەكرێن بە هەمیشەیی.