قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی شەنگال و دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لە بارەی دۆخی شەنگال و هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر پێویستیی پەلەكردن لە ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیركردنی ئەو ناوچەیە تا ئاوارەكان بتوانن بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، كە دەبێت خەڵكی دەڤەرەكە بەشداربكرێن لە ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەی خۆیان و بە پێویستیشیزانی رێككەوتنێكی گشتگیر بكرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و دڵنیاكردنەوەی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان.
ڕوونیشیكردەوە، كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ پەلەكردن لە چارەسەركردنی كێشەی شەنگال بە شێوەیەك كه لە بەرژەوەندیی خەڵكی دەڤەرەكەدا بێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە، هەردوولا “هاوڕابوون كە پێویستە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم و هەموو لایەنە عێراقییەكان بە هەستیارییەكی زیاترەوە مامەڵە بكەن و پێكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان”.