وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی داواکارییەکانیان بەرامبەر هاووڵاتیانیان چڕکردووەتەوە بۆ چوونەدەرەوەیان لە لوبنان و هەرچی زووترە بەجێهیشتنی ئەو وڵاتە، هاوکات هەندێک لە هێڵە ئاسمانییەکان ڕاگرتنی گەشتەکانیان ڕاگەیاندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی و ئێراندا هەڵبگیرسێت.
لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لەبەر سەلامەتی ژیانیان گەشتی لوبنان نەکەن و ئەو هاووڵاتییە ئوردنیانەش کە لەو وڵاتەن بەزووترین کات بگەڕێنەوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان، داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کردووە بەزوترین کات بلیتی گەشتکردن وەربگرن و ئەو وڵاتە جێبهێڵن، هەر هاوولاتییەکیش توانای دەستەبەری بلیتی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەمریکا پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەوە بکەن.
بەهەمان شێوە حکومەتی بەریتانیا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە لوبنان کرد دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
هەروەها تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید ڕاگرتنی کاری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەیروت ڕاگەیاندو داوای لە کارمەندەکانی کرد بەرەو قوبرس بڕۆن.
باڵیۆزخانەی چیک لە بەیروت لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە؛ “بەشی کونسوڵگەری ولاتەکەی لە لوبنان بەشێوەیەکی کاتی داخراوە”.
کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، لە تاران و فواد شوکر سەرکردە لە حزبوڵڵای لوبنانی، بووەتە ترسێکی گەورە لە هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی.