ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕانکاری لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیی کرد، کە دوێنێ بڵاویکردەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش هەمواری یاسای لێبوردنی گشتیییە.
بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی دوێنێ بڵاوکرایەوە، لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی دەکرێت، بەڵام لە دوای گۆڕانکارییکردن لە بەرنامەی کاردا بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ساڵی ٢٠١٦ بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بەشداریكردنی عێراق لە ڕێككەوتنی پیشانگا نێودەوڵەتیەكان لە پاریس دەكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای پارێزەران و بەدەستهێنانی زانیاری و ڕێككەوتنی نێوان عێراق و سوریا لە بواری ئاسمانیدا دەكرێت.