وەزیری دارایی هۆكاری ڕاگرتنی ٤٠٠ ملیار دینارەكەی ئاشكراكرد



وەزیری دارایی عێراق هۆكاری ڕاگرتنی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكەی پشكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و پەیوەستی دەكات بە سێ هۆكارەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ١٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگەكانی ١١و ١٢ى فەرمانبەرانی هەرێم دەركرد، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی نەداوە لەسەر خەرج كردنی ئەو پارەیە.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوێك هۆكاری نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ڕووندەكاتەوە و دەڵێت: “دەبووایە بەگوێرەی ماددەی ١٠ی یاسای بودجەی گشتی ٢٠٢١ شایستە داراییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٠ پاكتاو بكرێن، بەڵام ئەو هەنگاوە نەنراوە”.

ئاشكراشی كردووە، بەپێی بڕیاری ژمارە ٥٩ی ساڵی ٢٠١٢و ١١٠ی ساڵی ٢٠١٩ی دادگای باڵای فیدڕاڵی، دەبێت پاكتاوی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت بە حكومەتی فیدڕاڵی.

سەبارەت بە هۆكاری دووەمی نەناردنی پارەكە، وەزیری دارایی نووسیویەتی، “هەرچی بڕیاری دووەمە، كە ژمارە ١١٠ی فیدڕاڵی لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق لە پشكی پارێزگای بەسڕە پێشكەش كراوە، دژ بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەزیری سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ هەمان سكاڵای پێشوو تێكەڵكراون”.

بەپێی نووسراوەكەی وەزیری دارایی، هۆكاری سێیەمی نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكە ئەوەیە، كە لە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ نووسراوێكی دیوانی چاودێری داراییان پێگەیشتووە و تێیدا هەرێمی كوردستان داوایكردووە خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بكرێتە ١٧ ترلیۆن و ٧٠٣ ملیار و ١١٠ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار و ٥٥٠ دینار، لە بری ١٢ ترلیۆن و ١٥٦ ملیار و ٤٩٨ ملیۆن و ٩٧ هەزار دینار و دەڵێت: “ئەوە پێویستی بە بۆچوونی دیوانی چاودێری دارایی عێراقە”.

جەختیشی كردۆتەوە، پێشتر تێبینی هەبووە لەسەر بڕیاری هاوشێوە، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەركراوە، كە تایبەت بوون بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

داهاتی مانگێكی نەوتی عێراق ٧ ملیار دۆلاری تێپەڕاند
پێت داهاتی مانگێكی نەوتی عێراق ٧ ملیار دۆلاری تێپەڕاند
وەزارەتی كارەبای هەرێم هەلی كار ڕادەگەیەنێت
دوات وەزارەتی كارەبای هەرێم هەلی كار ڕادەگەیەنێت
پەیوەنیدر