ئەمریکا و بەریتانیا داوا لەهاووڵاتییانیان دەکەن لوبنان جێ بهێڵن



ئەمەریکا و بەڕیتانیا داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد لوبنان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانەوە لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لە ناوچەکەدا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان لە ئاگادارکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییەکان گەشتەکانییان بۆ بەیروت و بە پێچەوانەشەوە ڕاگرتووە یان بلیتیان نەماوە، بەڵام بژاردەکانی دیکەی گواستنەوە بۆ جێهێشتنی لوبنان هێشتا بەردەستن.

باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کرد لە لوبنان هەرچۆنێک بێت بلیت ببڕن هەتا بەردەستن، تەنانەت ئەگەر فڕۆکەکەش دەستبەجێ نەڕوات یان بۆ ئەو وڵاتە نەڕوات کە خۆیان دەیانەوێت. وتیشی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانەی کە پارەی تەواوییان نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا دەتوانن پەیوەندی بە باڵیۆزخانەکەوە بکەن بۆ وەرگرتنی یارمەتی دارایی و بە قەرز پارەیان دەدرێتێ.
هاوکات حکومەتی بەڕیتانیا داوای لە هاووڵاتیانی کرد لە لوبنان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی هاووڵاتیانی بەڕیتانیایی دەبێت دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن، ” ئێستا کاتێک بژاردەی گەشتە ئاساییەکان هێشتا بەردەستن.”
وەزارەتەکە وتی پشتیوانییەکانی بۆ بەڕیتانیاییەکانی ناو لوبنان ” پتەو” دەکات، ئەوەش لە ڕێی ڕەوانەکردنی ” هێزی سنوور و بەرپرسانی کونسوڵگەری و سەرباز بۆ ناوچەکە.”
وتیشی، ” لەگەڵ ئەمەشدا کەشتی ئاڕ ئێف ئەی کاردیگان بەی و ئەیچ ئێم ئێس دەنکن پێشتریش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند بوون بۆ پشتیوانیکردن لە ڕێی یارمەتی مرۆییەوە، هێزی ئاسمانی شاهانەش فڕۆکەی هێلیکۆپتەری گواستنەوەی خستووەتە ئامادەباشییەوە.”

 

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێس

 

تەرمی مێردمنداڵەکەی خەبات دۆزرایەوە
پێت تەرمی مێردمنداڵەکەی خەبات دۆزرایەوە
بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە هیندستان ٣٥٨ کەس بوونە قوربانی
دوات بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە هیندستان ٣٥٨ کەس بوونە قوربانی
پەیوەندیدار