داهێنەری ماڵی خۆت بە



خالد سلێمان

تۆ لە حەوشەکەی خۆتدا باخچەیەکی بچوکت هەیە یان باغێکت هەیە لەدەرەوەی شار، یان با بڵێین پارچە زەوییەکی کشتوکاڵیی.

لەهەمان کاتدا، ڕۆژانە بڕێکی باش لە پاشماوەی خۆراک بەنایلۆنەوە لە ماڵەکەت دەچێتە دەرەوە بۆ ناو تەنەکەو حاویە، لەوێشەوە بۆ زبڵدانی گەورەی شار.

زبڵدانی گەورەی شار، جگە لەوەی سەرچاوەی پیسبوونی هەواو بۆنێکی ناخۆشە، لانکەی نەخۆشی و گوێزەرەوەی جۆرەها میکرۆبە. بەڵام لەوەش زیاتر سەرچاوەی دەردانی گازی (میسان)ە کە چڕبوونەوەی لە کەشدا، هۆکارێکی سەرەکی گەرمبوونی زەوییە، دووای دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، میسان ترسناکترین گازەو توانایەکی زۆری هەیە لە گلدانەوەی وزەی هەتاو لەسەر زەوی و ڕێگەی لێدەگرێت بگەڕێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.

-بۆ ئەوەی ئەو هەموو زیانە نەگاتە تەندروستی خۆت و هەروەها تەندروستی زەوی، دەتوانی داهێنەرانە بیر بکەیتەوەو تیۆرە کیمیاییەکان بکەیتە ئەزمونی ڕاستەقینەو بەرهەمەکەشی بخۆیت.

لەناو زەوییەکەی خۆتدا، بەرمیلێکی پلاستیکی بچوکتر لەو جۆرەی کە ترشیاتی تیا دروست دەکرێت دابنێ، ئەگەر هەبێت، باشترە کۆپێک بێت لەو کوپانەی لە قوڕ دروست دەکرێن بۆ ئاوخواردنەوە، بەڵام با ژێرەو کراوەبێت یان کونێکی گەورەی تیابێت.

بەقەبارەی پانیی ژێرەوەی کوپەکە، زەویەکە بەقوڵایی 20 سەنتیمەتر هەڵبکەنەو سەتڵێکی موشەبکی پلاستیکی تیا دابنێ، دەکرێ چاڵەکە قوڵتر بێت و هەندێ پەیینی شێداری تیا دابنێیت، ئەگەر دەستت نەکەوت با سەتڵێکی پلاستکی ئاسایی بێت و خۆت لەژێرەوەو لاکانیەوە کۆنێکی زۆری تیا دروست بکەو با وەک بێژنگ بێت.

با سەتڵەکە بە قەبارەی چاڵەکە بێژت، باشتریشە لە سەرەوە پان بێت و خوارەوەی باریکتر، کە بەرمیلەکە یان کۆپەلەی لەسەر دادەنێت، دڵنیابەو لەوەی دەمی سەرەوەی سەتڵەکەو خوارەوەی کۆپەکە وەک یەکن و جوان بەیەک گەیشتوون، ئینجا چواردەورەکەی بەباشی داپۆشە.

هەموو ڕۆژێک ئەو پاشماوەیەی لە خۆراکی خێزانەکەت دەمێنێتەوە، وەک ئێسک، سەوزە، میوە، نان و هەر جۆرێکی تری خۆراک، بخەرە ناو بەرمیلەکە یان کوپەکەوەو سەری دابخە، لێرەدا هەتاو کاری خۆی دەکات و پاشماوەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی تر لە خۆراک بۆ وردیلەکانی ناو خاک، ئەوانیش دووای خواردنیان و شیکردنەوەیان، دەیکەنە سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنی خاکەکە، یانی بە پیتی دەکەن، ئیتر تۆش بەروبومێکی پاک و خاوێنت لە سەوزەو میوە دەست دەکەوێت.

ئەم پرۆسەیە کە ناوی (هەرسکەری هەتاو)ە، بەشدارییەکی گرنگی تۆیە لە پاراستنی تەندروستی خۆت خێزان و گەڕەک و شارەکەت، لەم ڕێگەیەوە زبڵ کەم دەکەیتەوە، نایلۆن بۆ هەڵگرتن و پێچانەوەی پاشماوەی خۆراک کەم دەکەیتەوە، دەردانی گازی میسان کەم دەکەیتەوەو زەوی دەپارێزیت، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە زەوییەکەت بە مادە خۆراکیەکان دەوڵەمەند دەکەیت و خۆشت لە پاڵیدا دەحەسێیتەوە.

 

كاتی كۆتایی هاتنی وەرزی گەرما ڕاگەیەنرا
پێت كاتی كۆتایی هاتنی وەرزی گەرما ڕاگەیەنرا
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تیکتۆکەری عێراقی “حوسوس” دەرچوو
دوات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تیکتۆکەری عێراقی “حوسوس” دەرچوو
پەیوەنیدر