وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئامانج لە بۆردومانکردنەکەی بابل، ڕێگرییکردن بووە لە هێرشێکی چاوەڕوانکراو کە بڕیاربووە بکرێتە سەر ئامانجەکانیان.
سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هۆکاری هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی سەر ناوچەی جورفلسەخری باکووری پارێزگەی بابلی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە.
ڕوونیشیکردەوە کە لەو شوێنەوە پلانی هێرشێک لەئارادابووە و ئەمریکاش هیچ دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێکاری بەرگریی بۆ پاراستنی سەرباز و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەفتەی ڕابردوو گروپی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی ڕایگەیاند، ژمارەیەک پسپۆڕیان لە کاتی مەشقکردن لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کراون و بە هۆیەوە چوار ئەندامیان کوژران.