لە نێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد چی دەگوزەرێ؟



سەروەت هەڵەبجەیی

هاوکات لە گەڵ گۆڕانکارییە گەرمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا زۆربەی میدیا و سەنتەرەکانی توێژینەوەی لە وڵاتانی ناوچەکە بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، ئەو ئەردۆغانەی کە لە پاش ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2011 بەردەوام بانگەشەی ڕووخانی دەسەڵاتی سوریای دەکرد، ئێستا باس لە دەستپێکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات و تەنانەت بانگهێشتی بەشار ئەسەدیشت بۆ وڵاتەکەی کردووە.

بڕیارەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆک کۆماری سوریا پاش 13 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بووەتە هۆی نیگەرانی پەنابەرە سورییەکانی نیشتەجێی تورکیا، ئەوان ترسێکی زۆریان لێنیشتووە کە ئەردۆغان لە مامەڵەی نوێیدا ڕێکەوتن لە سەر گەڕانەوەیان بکات و بکرێنە قوربانی.

وەک ئاماژە درا، 13 ساڵە تورکیا پەیوەندییەکی لە گەڵ دەسەڵاتی دیمەشقدا نەماوە، ئێستا ئەردۆغان یەکسەر باسی ئاشتی و بانگهێشتکردنی بەشار ئەسەد دەکات، نهێنی ئەمە چییە؟

دوو بابەتی گرنگ لەم پلانەی ئەردۆغاندا دەبینم، بابەتی کوردانی ڕۆژئاوا و هەروەها پەنابەرە سورییەکانی نیشتەجێی تورکیا.

لەم ماوەیەدا گرژی و ئاڵۆزی نێوان تورکە ڕەگەزپەرستەکان و پەنابەرە سورییەکان بووە هۆی نیگەرانییەکی قووڵی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە، هەندێک ناڕەزایەتیش لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا لە دژی پەنابەرە سورییەکان بەڕێوەچوو، ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەیکردووە کە گرنگی بە تورکیا دەدات و بەڵێنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی داوە، ئێستا خەریکە کێشەی پەنابەرە سورییەکان ئەو سەقامگیرییە ناوخۆییەی تورکیا تێک دەدات، ئەردۆغان لە ڕێگەی ئاشتەوایی لە گەل ئەسەد دەیەوێت زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوری ڕەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای پەنابەرەکان درووست کردووە کە دەکرێنە قوربانی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد و ڕەوانەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق دەکرێنەوە.

ئەردۆغان سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و بۆردومانە لە دژی کوردانی ڕۆژئاوا دەیکات، دەیەوێت حکومەتی دیمەشق لە دژی ئەوان بەهێز بکات، بێگومان کوردانی ڕۆژئاوا و چارەنووسی ئیدارە خۆجێیەکە لەم یارییە سیاسییەی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دا پشکی زۆری دەبێت.

هەرچەندە ئەسەد مەرجێکی قورسی خستووەتە پێشەوەی ئەردۆغان و ڕایگەیاندووە، کە دەبێت تورکیا هێزەکانی لە سەرجەم ناوچە داگیرکاوەکانی سوریا بکشێنێتەوە، ڕەنگە ئەمە لە لایەن تورکەکانەوە ڕەتبکرێتەوە، تورکیا پلانێکی دیکەی هەیە کە لە ناو خاکی سوریا وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات، پشتێنەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 30 تا 40 کیلۆمەتر درووست بکات، بەمەش پەیوەندی نێوان باکور و رۆژئاوا دەبڕێت، بە واتایەکی دیکە، ئەوەی پێی دەڵێت مەترسی لە سنورەکانی رۆژئاوا و باشوری کوردستان لە خۆیی دوور دەخاتەوە.

چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كوالێتیی هەوا لە هەولێر دادەنرێن
پێت چوار وێستگەی نوێی پێوانەكردنی كوالێتیی هەوا لە هەولێر دادەنرێن
تیرۆری هەنیە و ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات
دوات تیرۆری هەنیە و ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات
پەیوەندیدار