کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک کۆبێتەوە و تێیدا پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن یەکلابکاتەوە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، “تاوەکوو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتیی خۆجێیی” و ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە کۆنابێتەوە.
پێشتر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە پێکهاتەکانی کەرکووک کردبوو، لەسەر پۆستە ئیدارییەکان ڕێکبکەون و بە پێچەوانەشەوە خۆی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار بە وەکالەت دیاری دەکات، بەڵام تا ئێستا نە پێکهاتەکان ڕێککەوتوون و نە سودانیش کەسی دەستنیشانکردووە.