دوای تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و سەرکردەیەکی حزبوڵڵا، لەلایەن ئیسڕائیلەوە و هەڕەشەکانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە، دوو هێڵی ئاسمانی ئەمریکا و بەریتانیا گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل هەڵدەوەشێننەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای دێڵتا و هێڵی ئاسمانی یونایتد هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند، وەک ترسێک لە پەرەسەندنەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە و چەند بەرپرسێکی حزبوڵڵا.
گەشتەکانی کۆمپانیای دێڵتا بۆ ڕۆژی پێنجشەممە هەڵوەشاونەتەوە، لەکاتێکدا یونایتد ڕایگەیاندووە کە لانیکەم تا ٦ی ئاب گەشتەکانی ڕادەگرێت.
لەلایەکی دیکە، ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، گەشتی لوبنان نەکەن بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا و بزووتنەوەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٣٠/٧/٢٠٢٤ ڕایگەیاند، هێرشێکی “وورد”یان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان ئەنجامداوە و فواد شوکر سەرکردە لە حزبوڵای لوبنانیان کوشتووە.
هاوکات بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١/٧/٢٠٢٤ بزووتنەوەی حەماس کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن ئیسڕائیلەوە ڕاگەیاند.
کوژرانی(هەنییە و شوکر) ترسێکی گەورە و هەڵکشانێکی گەورە لە گرژی هێناوەتە ئارا کە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی شەڕێکی ناوچەیی.
سەرچاوە: ئاژانسەکان