وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەدان خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی شایستە و مافی خۆیان سەریان نایەوە و مردن و دەشڵێت: 43 ساڵە پارەی خانەنشینیم لێ دەبڕێت بەناوی سندوقی خانەنشینییەوە، بەڵام سندوقەكە بوونی نییە.
مامۆستا سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاند، من 43 ساڵ ڕێژەی لە7% لە مووچەی مانگانەم دەبڕا بەناوی سندوقی خانەنشینییەوە، بەڵام ئێستا ئەوە دەبینین ئەو سندوقی خانەنشینییە چەند بێ سەروبەرە لەكوردستان هەر بوونی نییە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەری هەیە لەلایەن بەشێك لەپەرلەمانتارە شۆڤێنییەكانەوە بیكەنە گرفتی نوێ بۆ مووچەی مووچەخۆرانی دروست بكەن.
وتیشی، “بەداخەوە ئەم حكومەتی هەرێمە بەناو حكومەتە هیچ تایبەتمەندی حكومەتییان تێدانیە، بەتەنها دەسەڵاتن، جگە لە نەبوونی سندوقەكە ٢٤ مووچەی خانەنشینی خواردوین، سەدان خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی شایستە و مافی خۆیان سەریان نایەوە و مردن”.
ئاشكراشی كردووە، ماوەی 10 ساڵە چاوەڕێی بینینی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكەین، 14 هەزار واژۆی خانەنشینانمان كۆكردەوە و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیمان هاوپێچ كرد، بۆ هاوتاكردنی موچەی خانەنشینان، بردمان بۆ هەولێر نەیانهشێت نەسەرۆكی حكومەت نەكەس ببینین.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم لەم مانگەدا بڕیاریدا بە جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق و لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی بنێرێت بۆ عێراق، بەڵام تا ئێستا مووچەكانیان زیاد نەكراوە.