سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوابەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران “پەرلەمان”، لەگەڵ سەرۆك كۆماری نوێی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
لە دووەم رۆژی سەردانیدا بۆ تاران، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 31-07-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران كۆبووەوە.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی “خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە نووسینگەکەی”.
هەروەها دەڵێت: “چاوم لەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، كە سەرۆكایەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان لهسهر ئاستی ناوچهکه بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی بە پێویست زانی.