قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری.
ئەمڕۆ، چوار شەممە ٣١ی تەموزی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و ئابووری و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە چوارچێوەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە ژمێریاریی و داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و وردبینی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم و بەهەند وەرگرتنی تێبینی و راسپاردەکان سەبارەت بە میلاک و لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پشتبەست بە تۆماری بایۆمەتری کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، بە ئاراستەی لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران.
پاش گفتۆگۆکردن لەسەر دواهەنگاوەکان و کارکردن و خستنەڕووی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، کۆبوونەوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی مووچە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەشدرا، کە حکومەتی هەرێم شەفافانە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکانی بایۆمەتری هەموو مانگێک لەگەڵ تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجییەکان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵیی کردووە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەش مانگانە تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و گرنگە ڕێگە نەدرێت هیچ بەربەستێکی تەکنیکی ڕێگر بێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لیژنەی باڵا هەموو وەزارەت و دامەزراوە و دەستە و فەرمانگەکان و یەکە ژمێریارییەکانی راسپارد کە؛ هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی لیستی مووچە خێراتر و بێ کەم و کوڕی بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، هەر مووچەخۆرێک تۆمار نەکرابێت و گرفتی یاسایی نەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت بۆ تۆمارکردن بەپێی رێکار و میکانیزمە کارپێکراوەکان.
لە کۆتایی کوبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر گرنگیی ژمارەی (کەسیی بێهاوتا UPN ) کرا کە تایبەتە بە هەر تۆمارکراوێک و دەبێتە بناغەی هەموو مامەڵەیەکی حکومی بە مووچەشەوە.