سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە و ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 41ەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڕژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن.
وتیشی: “ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان”.
سەرۆکی پارتی دەڵێت: “لە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە”.
مەسعود بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە. ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.