ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم كارێك حەرام دەكات



سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ئاینی ئیسلام ڕێگەی بە پەیڕەوکارانی داوە بڕیار بدەن دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن بەڵام هۆشداری دەدات کە بازرگانی کردن بە ئەندامانی جەستە “حەرامە”.

دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “ئەوەی لە ژیاندا بێت کڕین و فرۆشتن بە ئەندامانی جەستەیەوە بکات حەرامە و دروست نییە، چونکە هەر ئەندامێکی جەستە کە خوای گەورە دروستی کردووە مرۆڤ خاوەنی نییە، هیچ ئەندامێکیشی زیاد نین.”.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەخشینی ئەندامانی جەستە وتی، “ئەگەر هاتوو کەسەکە پێی خۆشبوو ئەندامانی جەستەی لە دوای مردنی ببەخشرێت ئەوە پێویستە وەسیەت بکات و بەخشینیش بێت نەک بە کڕین و فرۆشتن بە جەستەیەوە، ئەوکات ئاساییە و دروستە و هیچ گرفتێکی نییە، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کەسانێک کە لە ژیاندان بەکاربهێندرێن”.

هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ سەنتەرێکی تەندروستی حکومی و کەرتی تایبەت بە بەخشین و چاندنەوەی ئەندامانی جەستە نییە.

فەرهاد قادر سەرۆکی ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای وت، “سەباری ئەوەی پێشوازیەکی باش هەیە لەلایەن خەڵکەوە کە دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشرێت بەو کەسانەی کە پێویستیانە، کەچی لە ساڵی 2013 وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 100 قەروێلەی تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامانی جەستەی لە سلێمانی داناوە، هەرچەند بودجە و زەوی بۆ تەرخانکرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەتا ئێستا ڕاگیراوە و جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش گرفتی گەورەی دروستکردووە بۆ بەخشین.”

وتیشی، “بازرگانی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ کاتێک بە تەواوی بنەبڕدەبێت کە نەخۆشخانە هەبێت و حکومەت خۆی پاڵپشت و هاوکار بێت.”

ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان کە لە ساڵی 2013 مۆڵەتی فەرمی کارکردنی وەرگرتوە، دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی ئامادەن جەستەی خۆیان ببەخشن ساڵانە لەزیادبوون دایە.

فەرهاد قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی جەستە بەخشانی کوردستان ڕاشگەیاند، “لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابردوودا لە کۆی 8 هەزار داواکاری بۆ بەخشینی جەستە، هەزار و 230 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بە ڕەزامەندی کەسوکاری پلە یەکیان فۆرمی بەخشینی ئەندامانی جەستەیان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان بەکاربهێنرێنەوە بۆ کەسانێک کە پێویستیانە”.

وتیشی، “هەتا ئێستا ئەندامانمان توانیویانە چوار گورچیلە بەبێ بەرامبەر ببەخشن، بەڵام ئێمە لێرە گرفتێکمان هەیە لە کوردستان ئەویش ئەوەیە هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ چاندنەوەی ئەندامانی جەستەی بەخشەران بەو کەسانەی کە پێویستیانە نیە، بۆیە زۆر شت هەیە ناتوانرێت بکرێت بە تایبەت دوای مردنی بەخشەران ئەگەر نەخۆشخانەیەک نەبێت، هەروەها وەزارەتی تەندروستی وەکو پێویست نەهاتووەتە پێشەوە لەم پرۆسەیەدا”.

سەرباری بوونی چەندین خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان، چاودێران دەڵین ساڵانە چەندان هاوڵاتی لە وڵاتانی ئێران و سوریا ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و بە ڕێگەی نایاسایی بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان دەفرۆشن بەو نەخۆشانەی کە پێویستیانە، زۆر جاریش بازرگان دەکەوێتە نێوان نەخۆش و فرۆشیارەوە و کڕین و فرۆشتنەکان بە نرخێکی بەرز ئەنجامدەدرێن

رێکخراوێکی ژینگەیی داوایەک لە وەزارەتی پەروەردە دەکات
پێت رێکخراوێکی ژینگەیی داوایەک لە وەزارەتی پەروەردە دەکات
بڕیاری تاپۆكردنی ناوچەیەكی دیكەی سلێمانی درا
دوات بڕیاری تاپۆكردنی ناوچەیەكی دیكەی سلێمانی درا
پەیوەندیدار