قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت و لە پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕدا پشت بە مریشک و هێلکەی پڕۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت و جەختیشدەكاتەوە، بەرهەمی سەوزە و میوەی لە بازاڕدایە بە ڕێژەی (٪٨٠) بەرهەمی ناوخۆییە.
بەمەبەستی دانانی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێ شەممە ٣٠/٧٢٠٢٤، لە دیوانی قائیمقامیەت، بە ئامادەبوونی لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتییەکانی (ئاسایشی ئابوری، ڤیتێرنەری، کشتوکاڵی، ژوری بازرگانی، سەندیکای عەلوە)، بە سەرپەرشتی ئاوات محمەد، قائیمقامی سلێمانی، هەردوو لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی بەرهەمی سەوزە و میوە کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگیەوە گفتوگۆ کرا لەسەر میکانیزمەکانی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردەکراودا، بە جۆرێک کە خواستی هاووڵاتیان و پێداویستی بازار پربکاتەوە، هاوکات رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت و گرنگی زیاتریش بە بەرهەمی ناوخۆیی بدرێت.
لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بریاردرا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ بکرێت و لە پرکردنەوەی پێداویستی بازاردا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە مانگی تەمموز و ئابدا نزیک دەبێتەوە لە (٦٥٠) تۆن مریشک مانگانە و (٤٠٠) هەزار کارتۆن هێلکە ڕۆژانە، کە ئەمەش رێژەیەکی بەرزە و جگە لەوەی پێداویستی ناوخۆ پردەکاتەوە دەتوانرێت زیادەی بەرهەمیش رەوانەی دەرەوە و پارێزگاکانی ناوەراست و باشوری عیراق بکرێت.
ئاشكراشی كردووە، لە چوارچێوەی بریارو رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو و ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لە مانگی ئاب دا کراوە دەبێت.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا، کە رێژەی بەرهەمی ناوخۆ لە وەرزی هاویندا لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەو سەوزە و میوەیەی لە مانگەکانی حوزەیران بۆ کۆتایی ئەیلول لە بازاڕدایە، (٨٠٪)ی بەرهەمی ناوخۆییەو بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا بەرهەم دەهێنرێن.
لەکۆتایی هەردوو کۆبوونەوەکەشدا قائیمقامی سلێمانی، جەختی لە پاڵپشتیکردن و زیادکردنی بەرهەم و بەرووبوومەکانی ناوخۆ کردەوە، کە بتوانرێت بە کوالیتیەکی باش بەرهەمبهێنرێن و بەردەوامیش پشکنیانیان بۆ بکرێت و چاودێری بکرێن بۆ ئەوەی بەرهەمێکی باش و تەندرست بگاتە دەستی هاوڵاتیان.