سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لە تاران ئامادەبوو. وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆدەبێتەوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ لە تاران، بە بەشداری سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی زیاتر لە 10 وڵات، مەڕاسیمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونی مەسعود پزیشكیان وەك سەرۆك كۆماری نوێی ئێرلن ئەنجام درا.
لە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە شاندی فەرمی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بەشداری ئەو مەڕاسیمەیان كرد.
وتەبێژی شەرۆكایەتی هەرێم وتیشی، “گەرمترین گۆڕەپانی ململانێکان لە ئاستی جیهاندا لە ناوچەکەی ئێمەیەدایە، راگرتنی ئەو باڵانسە و دڵنیاییدان بە هەموو لایەک بەتایبەتی دراوسێکانی ئیمە و بەتایبەت ئێران و تورکیا لەسەر ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی دەبێت لەم ناوچەیە”.
وتیشی، “هەبوونی کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراق دا نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکو هاریکاریشە لە پتەوکردنی دۆستایەتییەکی باش و پتەوکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیەیە، کە پەیامی نەگۆڕی گەلی کوردستان و هەمیشەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و تەکیدی لەسەر دەکاتەوە”.