ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەشێك لە میدیاكان لە زاری سەرچاوەی دارایی عێراق و هەرێم و حكومەتەوە باس لەوەدەكەن، كە دابەشكردنی مووچە ڕێكدەبێتەوە و ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت و دابەش دەكرێت، بەڵام بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو دابەشكردنی مووچە دوادەكەوێت بۆ مانگی داهاتوو.
خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی یەک شەممە و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە تەمویلکردنی لیستی مووچەی مانگی 7ی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.
وتیشی، “وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی تەواو بووە و ئێستا وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، هێشتا بەغدا تێبینی هەیە لەسەر لیستی مووچەی مووچەخۆران و وەك سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: نزیكەی 35 هەزار میلاك لە لیستی مووچەخۆران زیادی كردووە.