ئاسايش و دڵنيايی هاووڵاتيان مافە، پێويستە پارێزراو بێت 



هاورێ شاکار
 لەدوی ڕاپەڕينی بەهاری ١٩٩١ لەئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگا ئەمنييەکانی ڕژێم لەسليمانی بۆشايی ئەمنيی درووست بوبوو ، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاييە ساڵی ١٩٩٢ لەهۆڵی کۆبونەوەکانی (مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی ) کۆبونەوەيەکی ڕاوێژکاريی بۆ مەبەستی (دامەزراندنی دەزگايەکی ئاسايش)ڕێکخرا ، لەو کۆبونەوەدا کە نزيکەی ١٠٠ هەڤاڵێك بەشداربووين و کاك کامەرانی مانگر و چەند هەڤاڵێکيتر کۆبونەوەکەيان بەڕێوە دەبرد گفتۆگۆيەکی چڕ لەسەر ئەم دامەزراوە تازەيە کرا ، بۆ دياريکردنی ناوی دامەزراوەکە و ئامانج و ئەرك و دەسەڵاتەکان و ميکانيزمی کارکردنی دامەزراوەکە نزيکەی دوو سەعات مناقەشەکرا ، هەر لەو کۆبونەوەدا ناوی (ئاسايش) بۆ دامەزراوەکە بەپەسەند زانرا ، دوای دامەزراندنی (دەزگای ئاسايش) تاڕادەيەکی باش بووە هۆی چەسپاندنی ياسا و بوونی دڵنيايی لای هاووڵاتيان و پاراستنی گيان و ماڵيان لەو سەردەمەدا .

لەکۆتاييی ساڵی ١٩٩٤ کە بەداخەوە هەرێمی کوردستان لەگەرمەی شەڕی نەخوازراوی ناوخۆدا بوو ، بەمەبەستی ( پاراستنی ئاسايشی شاری سلێمانی) ، بەڕێوەبەرايەتييەکانی (پۆليس و ئاسايش و پارێزگای سليمانی) بەهەماهەنگيی (مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی) ئەرکی پاراستنی شار جێبەجێ دەکرا ، بۆ ئەم مەبەستە شار کرابە چوار ناوچەی ئاسايشی ( باکوور ، باشوور ، ڕۆژهەڵات ، ڕۆژئاوا) ، ئەو کاتە بەڕێزان (مامۆستا شاهۆ بەڕێوەبەری ئاسايش و سالار عزيز پارێزگار و خوالێخۆشبوو صلاح چاوشين بەڕێوەبەری پۆليس و عمر سيد علی لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی) بوون، ئێمە وەك ڕێکخستنەکان بو پاڵپشتی و پاراستنی ئاسايشی و ئاراميی شار ، لەو کاتەدا بۆ ماوەيەك بەرپرسيارێتی پاراستنی ئاسايشی (باکوری ناوەندی شاری سليمانی) بە بەندە سپێردرابوو ، لەو دۆخە دژوار و ناهەموارەدا هەموومان بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتييان و چەسپاندنی ئاسايش بەبێ جياوازی شەو و ڕۆژمان خستبووە سەر يەك، بۆ مێژوو دەڵێم هەر يەك لەو بەڕێزانەی وەك لێپرسراوی ئەو کاتە ناويان هاتووە هيچ کات ڕێگەيان نەداوە ئەندامانی ليژنەکانی ئاسايش ببنە هەڕەشەو مەترسی لەسەر هاووڵاتيان و سەرپێچی ئەرکە پێسپێردراوەکانيان بکەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەر سەرپێچييەكيش لەدەرەوەی ياساو بڕيار و ڕێنماييەکان کرابێت لەکاتی خۆيدا لێپێچينەوە ی توند بەرامبەر سەرپێچيکار کراوە .
بەداخەوە لەئيستادا لەدوای تێپەڕبوونی ٣٠ساڵ بەسەر ئەو بەروارەدا ، سەرەڕای بەرزنرخاندنی ئەرکی دامودەزگاکانی ئاسايش و پۆليس و لايەنە پەيوەنديدارەکانيتری سلێمانی، کەڕۆڵی بەرچاويان هەبووە لەدابينکردنی ئاسايش و ئارامی هاووڵاتييان و هيچ درێغييەکيان نەکردووە ، بەڵام ماوەيەکە لەدەرەوەی ويست و ئاگاداريی ئەم دەزگا فەرميانە، (هەندێ کەسی سەرکێش و لادەر لە ياسا و ڕێساکان ) خەريکە دۆخی ئاسايشی سلێمانی تێکدەدەن و ترس و دڵەڕاوکێ دەخەنە دڵی هاووڵاتيانەوە ، بەداخەو ئێستا بەبەراورد بەو سەردەم و دۆخە نەخوازراوەی شەڕی ناوخۆ ، دۆخی ئيستای ئاسايش لەهەرێمی کوردستان لەئاستی پێويست دا نييە و کەوتۆتە ژێر پرسيارەوە !، هاوڵاتيانی سلێمانی بەگشتی و کاسبکاران و خەڵکی مەدەنی بەتايبەتی لەنيگەرنييەکی قووڵیی ئاسايشدا دەژين !، بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونەمان داواکارم ڕاپرسييەکی (دڵنيايی ئاسايش) لە ناو خەڵك دا ئەنجام بدرێت ئەو کاتە دەردەکەوێت ئەنجامەکان چەن شۆکهێنەر دەبن !، لێرەدا من وەك کادرێکی (ی.ن.ك) بە ئەرکێکی ئەخلاقی و سياسی و رێکخراوەيی خۆمی دەزانم، کە داوا لە لايەنە پەيوەنديدارەکان دەکەم ئەم بابەتە بەهەند وەربگرن و سنوورێك بۆ ئەم بابەتە (نائارامی شار) دابندرێت، کەبۆتە جێگەی نيگەرانی و ناڕەزايی هاووڵاتييان و کاريگەريی نەرێنی لەسەر ڕای گشتی شارەکە داناوە ، ئەرکی دامودەزگاکانی ئاسايشە پێداچوونەوەيەکی ئەرێنی و جدی بە سێکتەری ئاسايش بەگشتی و ئاسايشی سلێمانی بەتايبەتی بکرێت و هاووڵاتييان لە دۆخی ترس و نائارامی و قەلەقيدا نەهێڵدرێنەوە ، کە دانيشتوانی ئەم شارە شارستانی و شۆڕشگێڕە بەهەموو چين و توێژەکانييەوە بەبێ جياوازی شايستەی ئەوە ن کە بە کەرامەتەوە لە ژيانێکی ئارام و دڵنيايیدا ژيان بەڕێ بکەن ! .بەهيوای بەهەندوەرگرتنی ئەم بابەتە گرنگە .
کەسێک بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکرا
پێت کەسێک بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکرا
گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتیان بەرزکردەوە
دوات گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتیان بەرزکردەوە
پەیوەندیدار