لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئاردی مانگی 6ی هاووڵاتیان، بریكارێكی خۆراك ئاشكرای دەكات، لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكەكە دەكەن.
بریكارێكی خۆراك، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، زۆربەی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگی 6 گەیشتوون بە بریكارەكان و لە سبەینێوە دوو شەممە دەست بە دابەشكردنی دەكەن بە سەر هاووڵاتیاندا.
وتیشی، “ماددەكانی برنج و شەكر و نیسك و لەتكەنۆك و دۆشاو گەیشتوون و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانیان بكەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراكەكانیان”.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، دوو ملیۆن کیسە ئارد بۆ بریکارەکان دابین دەکات و دابەشکردنێكی یەكسان لە سەرانسەری پارێزگاکان مسۆگەر دەکات.
کۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، دوو ملیۆن کیسە ئاردی بۆ بریکارەکان دابینکردووە، بە مەبەستی دابەشكردنی بۆ بەشە ئاردی شەشەمی هاووڵاتیان.