بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێوڕەسمێكدا لە پێش ناوەندی كلتووری ئەحمەد كایا لە پاریس تەرمی سێ شەهیدەكەی هێرشەكەی پاریس بەرەو كوردستان بەڕێبكرێن.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ لە پێش ناوەندی ئەحمەد كایا لەپاریس ڕێوڕەسمێك بە بەشداری كوردانی فەڕەنسا ڕێكدەخرێـت، لەوێ ماڵئاوایی لە تەرمی شەهیدانی هێرشەكەی پاریس دەكرێت.
هەریەكە لە ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان كزل لە هێرشەكەی پاریسدا لە 23ی دیسەمبەری ڕابردوودا شەهید بوون، ئەم كەسانە خەڵكی باكووری كوردستانن.
خانێ ئاكدۆغان هاوسەرۆكی دەستەی كوردانی فەڕەنسا ڕایگەیاند “لە ئەمڕۆوە هەموو قۆناغە یاساییەكان كۆتاییان پێهاتووە و تەرمەكان دەنێرینە كوردستان، لێرەوە بانگەوازی لە گەل و دۆستەكانمان دەكەین لە پاریس كۆببنەوە، بە ڕێوڕەسمێكی جەماوەری شەهیدانمان دەنێرینەوە وڵات، داوا لە هەموو كەسێك دەكەین بەشداری لە ڕێوڕەسمەكەدا بكەن”.
هاوكات بڕیارە لە 7ی ئەم مانگە جارێكی دیكە گردبوونەوەی كوردان لە پاریس بۆ شەرمەزاركردنی تیرۆری سێ چالاكەوانی كورد لە ساڵی 2013 و سێ كوردی دیكە لە 2022 ساز بكرێـت.
داوا لە هەموو كوردستانیانی ئەوروپا كراوەـ لە ٧ی كانونی دووەم ڕۆژی شەممە بەشداری لە چالاكییەكەدا بكەن.